ماوەی 10 رۆژە مێرد منداڵێك لە ماڵ چووەتە دەرەوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە و كەسوكارەكەشی داوا دەكەن لایەنە پەیوەندیدارەكان هەرچی زووە چارەنوسی كوڕەكەی دیاری بكەن.
بەهرە حەسەن، دایكی فریاد مەعروف، رایگەیاند كوڕەكەی پێش 10 رۆژ لە ماڵ دەچێَتە دەرەوە و بە گوێرەی كامێراكانی چاودێری لەگەڵ كەسێكی دیكەدا مۆبایلەكەی لە دوكانێكدا دەفرۆشێت و دواتر ون دەبێت.
دایكی فریاد دەشڵێت، سكاڵای تۆمار كردووە و تا ئێستا كوڕەكەی نەدۆزراوەتەوە و داواش دەكات هەركەسێك زانیاری هەیە پەیوەندیان پێ بكات و هێزە ئەمنیەكان چارەنوسی كوڕەكەی دیاری بكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد ئەو كوڕەی لەگەڵیدا مۆبایلەكەی فرۆشتووە، نایناسن و گومان دەكەن لە رێی یاری ئەلكترۆنی (پەبجی) ناسیبێتی و هەر ئەو كەسەش بێت كە لەگەڵیدا رۆشتووە.
بەهرە حەسەن وتیشی: كوڕەكەی لە ساڵی رابردووەوە وازی لە خوێندن هێناوە و زۆر حەزی بە كڕینی ماتۆڕ سكیل بووە، بەڵام ماڵەوەیان رەتیانكردووەتەوە كە بۆی بكڕن و هیچ كێشەیەكیشی لەگەڵ خێزانەكەیدا نەبووە.