ئەنجومەنی دادوەری عێراق ڕایگەیاند بکوژی خێزانە کوردەکە لەبەردەم دادوەردا دانی بەتاوانەکەیدا ناوە وتەکانی واژۆکردوە و پەسەندکراوە.
ئەنجومەنی دادوەری عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردوە ئەو تۆمەتبارە لە وتەکانیدا ڕایگەیاندوە بەمەبەستی دزیکردن چوەتە سەر ئەو ماڵە و کوشتویانێتی.
ڕاشیگەیاندوە ئەو بە بەردەوامی سەردانی ئەو خێزانەی کردوە و خۆی لێیان نزیکردۆتەوە ئەوەش بە مەبەستی بردنی پارەکانیان.
ئەوە لەکاتێکدایە دوێنی بکوژی خێزانە کوردەکەی بەغدا لەلایەن هێزەکانی عێراق و هەرێمەوە لە هەولێر دەستگیرکراو دواتر ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کرایەوە.
دارا رەئوف و هاوسەر و کچەکەیان خێزانێکی کوردبوون و ماوەیەکی زۆرە لە بەغدا نیشتەجێبوون،بەوتەی کەسوکاریان بەنیازبوون بگەڕێنەوە لە سلێمانی نیشتەجێبن بەڵام لەلایەن کەسێکەوە هەرسێکیان کوژران.
ئەمڕۆ لە بەغداوە تەرمەکانیان گەڕێندرایەوە سلێمانی و لە گردی سەیوان بەخاکسپێردران.