سەربازانی تورکیا لە شاری وانی باکوری کوردستان دوو هاوڵاتی لە هەلیکۆپتەرەوە فڕێدەدەنە خوارەوە

  2020-09-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەربازانی تورکیا لە شاری وانی باکوری کوردستان دوو هاوڵاتی لە هەلیکۆپتەرەوە فڕێدەدەنە خوارەوە

ژمارەیەک میدیای تورکیا بڵاویانکردەوە، عوسمان شیبان و سێرڤێت تورگول  دوو هاوڵاتییەکی شاری وان لە ئۆپراسیۆنێکی سوپای تورکیا لەناوچەی چاتاک لە وان دەستگیردەکرێن بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بێسەروشوێن دەبن.

عوسمان  و سێرڤێت دوای ئەوەی لەلایەن سەربازەکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی وان دوێنێ دەخرێنە ژێر چاودێری وردەوە و دەردەکەوێت عوسمان تووشی لەبیرچوونەوە و خوێنبەروون بووە لەسەری و چاوەکانی سورهەڵگەڕاون و پڕن لە خوێن.

بەپێی ڕاپۆرتی نەخۆشخانە عوسمان شیبان لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هێرشی کراوەتە سەر و لە بەرزاییەکی زۆرەوە کەوتووەتە خوارەوە.

بەڵام موراد ساریساش پەرلەمانتاری هەدەپە لەسەر شاری وان ئاماژە بەوەدەکات، بەپێی شایەتحاڵەکان ئەو هاوڵاتییە لە هەلیکۆپتەرەوە فڕێدراوەتە خوارەوە.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، خانەوادەی لە نەخۆشخانە پێیانوتووە ئەو دوو هاوڵاتییەک لەکاتێکدا لەکێڵگەکەیان کاریانکردووە لەلایەن سەربازەکانەوە پەلاماردراون و دواتر خراونە ناو هەلیکۆپتەرێکەوە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بێسەروشوێن بوون.

خانەوادەکەیان دەڵێن، بەپێی شایەتحاڵەکان لە هەلیکۆپتەرەوە فڕێدراونەتە خوارەوە دەشڵێن، ئەگەر ڕووداوەکە بەو شێوەیە بووبێت یان نا ڕاستیەکەی ئەوەیە هەردووکیان لەلایەن سەربازەکانەوە لە کاتی کارکردن لە کێڵگەکەیان براون و دوای دوو ڕۆژ لە بێسەروشوێن بوون لە نەخۆشخانە خراونەتە ژێر چاودێری وردەوە و ئێستا تەندروستیان خراپە.






ڕیکلام