بەهۆی قاچاغچێتی چەك و كەرەستەی خراپ چوار كەس لە هەولێر دەستگیركران

  2020-09-18  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە هەفتەی رابردوودا چوار كەس بەتۆمەتی بازرگانیكردن بە (چەك و دەرمان و هێلكە)ی قاچاغ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیر كرا‌ن.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی دژەتیرۆری هەولێر هەرچوار كەسە لە كات و شوێنی جیاوازدا دەستگیركراون كە یەكیان "لە شەوی (10 لەسەر 11-9-2020)، كەسێك بەناوی (ئیبراهیم سەردار حەسەن) - دانیشتووی شاری هەولێر - گەڕەكی مامزاوه كە كاری كڕین و فرۆشتنی هێلكە دەكات، دەستگیر كرا بە تۆمەتی هەوڵی هێنانە ناوەوەی بڕی (84) كارتۆن هێلكەی قاچاغ بۆ شاری هەولێر ‌لە رێگای بازگەی هیران - شەقڵاوە بە ئۆتۆمبێلی جۆری بارهەڵگر ژمارە (192771/هەولێر)".

دژەتیرۆر ئەوەشی راگەیاندووە یەكێكی دیكە لەو كەسانەی دەستگیری كردوون "لە رێكەوتی (13-9-2020)، كەسێك بەناوی (ئارام عەونی كەریم) - دانیشتووی شاری هەولێر - گەڕەكی ژیان – پیشه: پۆلیس دەستگیركرا بە تۆمەتی هەوڵی هێنانە ناوەوەی بڕی (7) كیسەی گەورەی كرێم و مەرهەمی كۆزماتیكی قاچاغ و ماوە بەسەرچوو بۆ شاری هەولێر لە رێگای بازگەی دێگەڵەوە".

ئەوەشی راگەیاندووە "لە رێكەوتی (14-9-2020)، دوو كەس لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیر كران بە تۆمەتی كاری قاچاغچیێتی چەك بەناوەكانی (مستەفا سەعید محەمەد حەمەد ئەمین)، ناسراو بە حاجی هەرووتی - دانیشتووی هەولێر- گەڕەكی هەولێری نوێ - لە ماڵەكەیدا دەستگیرا بەسەر 1250 دانە دەمانچەی توركی قاچاغ. (سەڵاح بەهرام تاهیر حەسەن)، دانیشتووی هەولێر - گەڕەكی كورانی رێگای مەخموور - پێشە: پێشمەرگەی خانەنشینی یەكەی (70)، له ‌ماڵەكەیدا دەستگیرا بەسەر 10 دانە دەمانچەی توركی قاچاغ".


ڕیکلام