سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان: 12 ناوچەی سلێمانی زەویەكانیان لەژێر مەترسی داگیركردندایە

  2020-09-18  | 
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ناوی 12 شوێن بڵاو دەكاتەوە كە زەویەكانی لەژێر هەڕەشەی داگیركردن، ئیفرازكردن، دابەشكردن و فرۆشتندان و دەڵێت لە ئاسمانەوە بە ئامێری پێشكەوتوو زەوی دەفرۆشرێت.

دابان محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: لێشاوێك لە داگیركردن، ئیفرازكردن، دابەشكردن و فرۆشتنی زەوی لە سلێمانی دەستی پێكردوە، تەنانەت گەیشتوەتە ئەوەی، زەوی تەرخانكراو بۆ سەوزایی گەڕەكەكان و شوێنی قوتابخانە و مزگەوت و نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییەكانی دیكە، دەستی بۆ ببرێت! 

ئەو راشیگەیاند ئەو پرسە لەدوای دۆسیەی خاڵە سنورییەكان بووە بە كەیسێكی قورسی بەهەداردان و گەندەڵی و سەرچاوەی دارایی و دەوڵەمەندبونی چەندین بەرپرسی ئەمنی، سەربازی، حزبی وحكومی، كە ناوی بەرپرسەكان و بازرگان و تەنانەت دەڵاڵەكانیش لای ئێمە ئاشكرایە.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئاشكراشیكردووە: بە ئامێری پێشكەوتوو و لە ئاسمانەوە زەوی ئیفراز دەكرێت! بە دەغڵ و دانەوە مامەڵە بە زەوییەوە دەكرێت، بە سەوزایی و دار و درەختەوە نەخشەی بازرگانی بۆ دەكێشرێت، فشار لە خاوەن زەوییە كشتوكاڵیەكان دەكرێت، یان ڕازبن بە پارچە پارچەكردن و دابەشكردنی زەوییەكانیان، یان داگیر دەكرێت. 

ئەو رەخنە لە دەزگا پەیوەندیدارەكانی سلێمانی دەكرێت و دەڵێت خەمساردی حكومەتی خۆجێیی "ئێمە دەباتە قۆناغێكی تر بۆ ڕاگرتن و چارەسەر كە سیاسیە".

ئاماژەی بەوەشكردووە بۆ ئەوان پرسی وەبەرهێنان و زەوی و زار، پرسێكی گەورە و قورسی گەندەڵیە "زیاتر نەبێت كەمتر نیە لە پرسی نەوت و داهاتی ناوخۆ و قاچاغی سنورەكان". 

ئەو داواشیكردووە لە نوسینگەكانی خانوبەرە و هاوڵاتیان، مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە زەویانەدا نەكەن، لەبەر ئەوەی بە یاسا لەم خولەی پەرلەمان زیادەڕۆ قەدەغەكراوە و زەرەرمەندی یەكەم و كۆتایی ئەوان دەبن.

ئەو ناوی ئەو شوێنانەی بڵاوكردووەتەوە كە لەژێر هەڕەشەدان دەڵێت:  

ئاوبارە (د.ت)
ڕێگای تاسڵو،جە سوتاندی سنەوبەرەكان زیاتر لە 120 دۆنم
تەنیشت و پشتی قەبرستانی عەواڵ بە هاوبەشی ( د.ت) (ه.ح)
بەرامبەر محەمەتەی كارەباكە زیاتر لە هەزار دۆنم ( ه.ح)
بەرامبەر دەرگای سەناعەی بەكرەجۆ ( ه.ح)
تەنیشت مەتاری سلێمانی (د.ت)
بەرامبەر دەرگای سەناعەی بەكرەجۆ (ه.ح)
زەوی تەرخانكراو بۆ خزمەتگوزاری گەڕەكەكانی بیستەكان و ...
تەنیشت دەواجنەكان (د.ت)
كانی گۆمە تا تانجەرۆ بە هاوبەشی (د.ت) (ه.ح)
خوار بەكرەجۆ زەوییە كشتوكاڵیەكان (ه.ح)
خەلیفاوا (ه.ح) كە زیاتر لە 100 پارچە زەوی كراوە بەناوی یەك ئافرەتەوە



ڕیکلام