لەهێرشێکدا لە ئەفغانستان ١٢ هاوڵاتی مەدەنی و ٣٠ چەکداری تالیبان کوژران

  2020-09-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان ڕایانگەیاند، لەئەنجامی بۆردومانێکی ئاسمانی لە باکوری ئەو وڵاتە، ٣٠ چەکداری تالیبان و ١٢ هاوڵاتی مەدەنیش کوژراون.

وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، کۆمەڵێک چەکداری بزوتنەوەی تالیبان هێرشیان کردووە سەر هێزەکانی حکومەت لەناوچەی "خان ئاباد" لە ویلایەتی قوندوز لە باکوری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە، بەڵام هێزەکانی حکومەت بەرپەرچی هێرشەکەی تالیبانیان داوەتەوە.

بە گوێرەی بەیاننامەکە هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی ٣٠ چەکداری تالیبان و ٨ چەکداری دیکە، لەناو کوژراوەکانی تالیباندا دوو سەرکردەی گروپەکەی تیادایە.

هەرچەندە بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان باسی لە کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی نەکردووە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان باس لە کوژرانی ١٢ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، کە ژمارەیەکیان ژن و منداڵن و ١٠ هاوڵاتی دیکەش بریندار بوون.

ئەو روبەڕبوونەوە چەکدارییە نوێیەی نێوان تالیبان و هێزەکانی حکومەت لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو گفتوگۆی ئاشتی نێوان بزوتنەوەی تالیبان و حکومەتی ئەفغانستان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر دەستی پێکرد، بە مەبەستی کۆتایی هێنان بەو شەڕەی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، کە ماوەی نزیکەی دوو دەیەیە درێژەی هەیە.