هاوپەیمانی فەتح: هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی تەواوکراوە و یەکلایی بووەتەوە

  2020-09-19  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوپەیمانی فەتح ئاشکرایکرد، دۆسیەی هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی بەتەواوی یەکلایی بووەتەوە و چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو لە پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر بدرێت.

ئەحمەد کینانی پەرلەمانتار هاوپەیمانی فەتح بە ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە لەناو پەرلەمان، دوای خوێندنەوەی دووەم بەم نزیکانە دەنگی لەسەر دەدرێت بۆ پەسەندکردنی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەمواری یاساکە بە ڕەزامەندی و ڕێککەوتنی سەرجەم قەوارە سیاسییەکان بووە، بۆیە هیچ کێشەیەک نەماوە لەبەردەم تێپەڕاندنی لە پەرلەماندا.

کینانی ئاشکرایکرد، خوێندنەوەی دووەم و دەنگدان و پەسەندکردنی هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی لە چەند ڕۆژ داهاتوودا تەواو دەبێت، بەڵام تا ئێستا وادەی خوێندنەوەی دووەمی هەموارەکە دیاری نەکراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رەخنەی گرت لەسەر پەکخستنی دادگای فیدراڵی، ئاماژەی بەوەشکرد، حزبە سیاسییەکان تەنها وەک دروشم بۆ بەدەستهێنانی دەنگ باس لە سەربەخۆیی دەزگای دادوەریی دەکەن.

ڕوونیشیکردەوە، پەکختنی دادگای فیدراڵی دەزگای دادوەریی عێراقی خستووەتە بۆشاییەکی دەستورییەوە.