بۆ ئەم زستانە هەرێم چاوەڕێی کەرەمی کازمییە!

  2020-09-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تەنیا دوو رۆژی ماوە وەرزی هاوین کۆتایی بێت و وەرزی سەرما و باران بارین دەستپێبکات، بەڵام حکومەتی هەرێم یەک بەرمیل نەوتی دابەش نەکردووە و چاوەڕوانی کەرەمی بەغدایە بۆ ئەم زستانە بڕێک نەوت بنێرێت و ئەویش بەسەر خەڵکدا دابەشی بکات.

لە ئێستاوە نرخی نەوت لە بازاڕدا رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و بەرمیلێک نەوت گەیشتووەتە 115 هەزار دینار، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم  بانگەشەی ئەوە دەکات ژێر خاکەکەی پڕە لە نەوت و پێگەی لە نەخشەی وزەی جیهانی بەهێزە.

بەڵام هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە لەسەر دەریایەک لە نەوت دەژین، لە ساڵی 2014 ەوە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە یەک بەرمیل نەوتیان بەسەردا دابەش نەکراوە، ئەوەی لەو ماوەیەش لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشکراوە، وەزارەتی نەوتی عێراق ناردوویەتی.

ساڵی رابردوو لە 4-9-2019، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و بڕیاریدا پێش هاتنی وەرزی زستانی ئەو ساڵە نەوتی سپی بەسەر هەمووخێزانێک دابەش بكرێت، بەڵام نزیکەی ساڵێک تێپەڕی و زستان کۆتایی هاتوو زستانێکی نوێ نزیکبووە، حکومەت یەک بەرمیل نەوتی دابیننەکرد.

بۆ ئەمساڵیش هەموو پارێزگاکان چاوەڕوانی ئەوەن حکومەتی عێراق هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بڕێک نەوت بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابینبکات، پێشتر ئەو نەوتەی حکومەتی عێراق دابینکردووە تەنیا بەشی ناوچە شاخاوییەکانی کردووە.

سەردانەکەی سەرەتای ئەم مانگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، دەرفەتێکی باش بوو بۆ پارێزگارەکانی هەرێم تا لیستێک داواکاری بخەنەبەر دەستی، لەنێویاندا دابینکردنی نەوتی سپی.

لەبارەی دابەشکردنی نەوت بەسەر هاوڵاتیان فرسەت سۆفی پارێزگای هەولێر دەڵێت، ناتوانین هیچ بەڵێنێک بدەین، رەنگە فرسەت سۆفی ترسی دووبارەبوونەوەی بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکەی 2019ی هەبێت، بەڵام دەڵێت لە سەردانەکەی کازمیدا داوای نەوتیان کردووە و ئەویش بەڵێنی داوە ئەو بابەتە بە گرنگی وەربگرێت.

جگە لە پارێزگاری هەولێر، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانیش کاتێک مستەفا کازمی سەردانی پارێزگاکەی کرد، هەمان داواکاری لێکردووە و وەک خۆی دەڵێت کازمی بەڵێنی پێداون نەوت بۆ پارێزگای سلێمانی دابینبکات.

قەیرانی نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، وەک شارەزایان دەڵێن ئەگەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نەوتی پێویست بۆ پاڵاوگەکانی کار و قەیوان دابینبکات دەتوانن پێداویستی ناوخۆ پڕبکەنەوە، بۆ نموونە لە ساڵانی رابردوودا کە پاڵاوگەی بێجی لە لایەن چەکدارانی داعش دەستی بەسەرداگیرابوو، حکومەتی عێراق نەوتی بۆ کۆمپانیای کار دابین دەکرد، نەوتەکە دەپاڵێورا و بەسەر بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق دابەشدەکرا.

هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 260 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە بۆ ئەوەی هەموو خێزانێک بەرمیلێک نەوتی پێبدرێت، تەنیا بۆ ناوچە شاخاوییەکان 60 ملیۆن لیتر پێویستە، حکومەتی هەرێم دەڵێت ناتوانێت نەوت بۆ هاوڵاتیان دابینبکات، حکومەتی عێراقیش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت تووشی قەیرانی دارایی بووە، هەر بۆیە زۆر زەحمەتە ئەمساڵ هەموو خێزانێک نەوتی سپی بەدەست بگات.

لە هەرێمی کوردستان  بەزۆری لە وەرزی سەرما  نەوت و کارەبا بەکاردەهێنرێن بۆ کارپێکردنی ئامێرکانی گەرمکردنەوە، حکومەت نەیتوانیوە هیچیان بەتەواوی دابین بکات، لەبەر ئەوەی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان سنوردارە، بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست لەسەری لە وەرزی زستان کاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ کەمتر لە 10 کاتژمێر کەمدەبێتەوە لە ماوەی شەو رۆژێکدا، هاوڵاتیان ناچار دەبن نەوتێکی زۆر بەکاربێنن بۆ تێپەڕاندنی وەرزی زستان، لەم کاتی دواکەوتنی موچە و کەمبوونەوەی داهات، هاوڵاتیان ناچارن لایەنی کەم 3 بەرمیل نەوت بەکاربێنن کە دەکاتە نزیکەی 345 هەزار دینار.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا بە شێوەیەکی سەربەخۆ نەوت دەفرۆشێت و داهاتی دەروازە سنوورییەکان و ناوخۆی بەدەستەوەیە، هاوشێوی موچە و دەرمان و بودجە چاوەڕانی بەغدایە، نەوتی سپی بۆ بنێرێت بۆ ئەوەی دابەشی بکات.


ڕیکلام