گورزە کوشندەکەی مەسروور بارزانی لە نێچیرڤان بارزانی

  2020-09-21  | 
دۆسیە:  پارتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە گواستنەوە داهاتەکانی لە ئاڕتی بانکەوە بۆ بانکی ئەهلی عێراقی، لە هەوڵێکی نوێشدا وەزارەتی دارایی بڕیاری دا خۆی دۆلار بخاتە بازاڕەوە.

بە گواستنەوەی داهات بۆ بانکی ئەهلی عێراق، حکومەت گورزێکی کوشندەی لە ئاڕتی بانکی نزیک لە نێچیرڤان بارزانی دا، کاتێک داهاتی حکومەت لە ئارتی بانک بوو، بانکەکە مانگانە نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار  قازانجی لە گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار دەستدەکەوت، بەو پێیەی 100 دۆلار بۆ حکومەت بە 120 هەزار دینار دەگۆڕییەوە و  لە هەر 100 دۆلارێک 3 هەزار دینار قازانجی دەکرد.

پشتر حساباتی حکومەت لە بانکی کوردستانی نێودەوڵەتی بوو، لەکاتی زۆری داهاتی نەوت مانگانە تەنیا لە گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار بۆ حکومەت بانکی کوردستان قازانجی خەیاڵی دەکرد. 

 لە کابینەکانی رابردوو، مانگ هەبووە  قازانجی بانکە ئەهلییەکان ٢٧ ملیار دینار بووە(بە ١١٧ هەزار، 100 دۆلاریان لە حکومەت وەردەگرت و بە ١٢٧ دەیانفرۆشتەوە.

بەبێ دیاریکردنی هۆکارەکەی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی کابینەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 4 مانگی کۆتایی کابینەکەی بڕیاریدا بە گواستنەوەی داهاتەکانی حکومەت لە بانکی کوردستانی نێودەوڵەتییەوە بۆ ئاڕتی بانک.

شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئامانج له‌و كاره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وشكردن و بڕینی به‌شێك له‌سه‌رچاوه‌كانی داهاتی گروپی كۆمپانیاكانی سه‌لاحه‌ددین و نێچیرڤان بارزانی بووە، چونكه‌ به‌پێی ئه‌و پڕۆپۆزه‌ڵ و داوایانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن ئاڕتی بانكه‌وه‌ پێشكه‌شكراون به‌ حكومه‌ت، نرخی گۆڕینه‌وه‌ی یه‌ك دۆلار به‌رامبه‌ر هه‌زار و 210 دینار بۆ سه‌ره‌وه‌ بووه‌، به‌ڵام بانكی ئه‌هلی عێراقی ته‌نها هه‌زار و 205 دیناری پێشكه‌شكردوه‌. ئه‌گه‌ر به‌ پێی نرخی گۆڕینه‌وه‌ی پاره‌كه‌ بێت كه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ردوولاوه‌ پێشكه‌شكراوه‌، ده‌بوایه‌ بدرێت به‌ ئاڕتی بانك چونكه‌ نرخێكی زیاتری پێشكه‌ش كردبوو، ئەوەش بە زەبرێکی کوشندەی مەسروور بارزانی دادەنرێت لە سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی نێچیرڤان بارزانی.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە کابینەی پێشوو و ئەم کابینەشدا، چەندین جار داوامانکردوە ئاڵوگۆڕی دۆلار بە دینار لە یەک بانکی ئەھلی وەربگیرێتەوەو حکومەت خۆی ڕاستەوخۆ دۆلار بە بازرگان و بانکەکان بفرۆشێت، ئێستا  کە وەزارەتی دارایی  بڕیاریداوە  فرۆشتنی دۆلار بە دینار بە شێوەی زیادکردنی ئاشکرا بێت، بەڵام ئەم بڕیارە لە ئێستادا داھاتی نەوت ناگرێتەوە، تەنیا بۆ ئەو داھاتانەی دیکەی وەزارەتی داراییە کە بە دۆلارە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، پێویستە ڕێگا لەم قۆرخکارییە بگیرێت کە زیانی مانگانەی لە ڕابردوو زیاتر لە ٩ ملیار دیناری بوە بۆ قازانجی یەک بانک .

ئەو لێدوانەی عەلی حەمەساڵح دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەمەودوا گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، بەشێوەی فرۆشتنی ئاشکرا دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە گروپێکی ئەلیکترۆنی کارا کراوە کە سەرجەم بانکە ئەهلییەکان و کۆمپانیاکان و نوسینگەکان کە مۆڵەتی فەرمیان هەیە بۆ گۆرینەوەی دراو، دەتوانن بەشداربن لەو پرۆسەی کڕینی ئاشکرا بۆ گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار.

گرتنە بەری هەردوو رێکاری وەرگرتنەوەی داهاتی حکومەت لە ئاڕتی بانک و فرۆشتنی دۆلار لەلایەن وەزارەتی داراییەوە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم لە قەیرانێکی ئابووری قوڵدایە و توانای دابینکری مووچەی فەرمانبەرانی نییە، ئەو هەنگاوانە چەند رەهەندێکی دیکەیان هەیە کاردانەوەکانی لە داهاتوو دەردەکەون.


ڕیکلام