فوئاد حسین: کازمی بۆ کڕینی چەک سەردانی فەڕەنسا دەکات

  2020-09-21  | 
سەردانی ئەم دواییەی ئیمانۆئیل ماکرۆن بۆ بەغدا و پێشوازیکردنی لەگەل کازمییەوە
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ فەڕەنسا، داوای کڕێنی چەک لەو وڵاتە دەکات.

وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، خواستێکی بەهێزی فەرەنسا هەیە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا، لە بەرامبەرشدا عێراق  هەمان خواستی هەیە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پاریسدا.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، چەند پرۆژەی ئابوری پێشنیاز کراوە و ڕەزامەندییان لەسەر وەرگیراوە، بۆ ئەوەی کۆمپانیا فەرەنسییەکان لەعێراقدا جێبەجێیان بکەن.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرایکرد، پڕۆژەکانیش بریتین لە پرۆژەی بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابوری عێراق و چەندی پڕۆژەی خزمەتگوزاری دیکە، ئەوە سەرەڕای پڕۆژەکانی کەرتی وزە و نەوت و چەندین بابەتی تایبەت بە بواری ئەمنی و سەربازیی.

فەڕەنسا یەکێکە لەو وڵاتە ئەوروپیانەی کە مێژوویەکی دێرینی هەیە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا، بەر لە ڕوخانی ڕژێمی پێشوو لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە کۆمپانیا فەڕەنسییەکان هەوڵیان داوە دووبارە بگەڕێنەوە عێراق.



ڕیکلام