ترەمپ کۆتایی ئەم هەفتەیە دادوەری باڵای دادگای ئەمریکا دەستنیشان دەکات

  2020-09-21  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کۆتایی ئەم هەفتەیە ناوی ئەو کەسە ئاشکرا دەکات، بۆ جێگرتنەوە دادوەر "ڕۆس بادر گینسبۆرگ" لە دادگای باڵای وڵاتەکەی، پێویستە لەسەر ئەنجومەنی پیران دەنگی لەسەر بدەن بەر لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی وڵات.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بە تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە، ڕۆژی هەینی یان شەممەی داهاتوو ناوی ئەو کەسە وەک دادوەر ئاشکرا دەکات، بۆ دەستبەکاربوونی لە دادگای باڵای ئەمریکا.

سەرۆکی ئەمریکا ئەو لێدوانانەشی ڕەتکردەوە، کە پێویستە لەسەر ئەنجومەنی پیران چاوەڕوانی بکات لەسەر دەنگدان و پەسەندکردنی کەسی کاندید کراو بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە بڕیارە لە ٣ی تشرینی دووەمی داهاتوو.

سەرۆکی ئەمریکا لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، دەنگدانی کۆتایی دەبێت بەر لە هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچێت، چونکە هێشتا کاتی زۆر لەبەردەستدایە.

ئەو لێدوانانەی سەرۆکی ئەمریکا لەکاتێکدایە، جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، دوێنێ داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیران کرد، دەنگ نەدەن لەسەر دادوەرێکی نوێ بۆ دادگای باڵای ئەمریکا، بەر لەوەی ئەمریکییەکان سەرۆکی خۆیان هەڵدەبژێرن.

جەختیشیکردەوە، سوربوونی ترەمپ لەسەر جێگرەوەیەک بۆ گینسبورگ بەر لە هەڵبژاردنەکان، جگە لە هەڵسوکەوتێکی ملهوڕانەی دەسەڵاتی سیاسی هیچی تر نییە.

ڕوس بادر گینسبورگ دادوەری دادگای باڵای ئەمریکا لە ساڵی ١٩٣٣ لە دایک بووە، لە ساڵی ١٩٩٣ و لەلایەن بیل کلینتۆن سەرۆکی پێشووتری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە پۆستی دادگای باڵای ئەمریکا دەستبەکار بووە، چوارەم ژنە لەو پۆستە باڵایەی ئەمریکا دەستبەکار بێت.

ڕۆژی ١٨ ئەم مانگە لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا بە نەخۆشی شێرپەنجەی پەنکریاس کۆچی دواییکرد.

 



ڕیکلام