خامنەئی: جەنگی هەشت ساڵە دەریخست هێرشکردنە سەر ئێران باجەکەی قورس دەبێت

  2020-09-21  | 
عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران ڕایگەیاند، جەنگی ئێران عێراق وانەیەکی وای بە دوژمن داوە، کە هەر هێرشێک بۆسەر ئێران باجەکەی قورس دەبێت

لە وتەیەکدا لەمیانی خەڵاتکردنی جەنگاوەرە دێرینەکان لە جەنگی ئێران عێراق، کە لە ساڵی ١٩٨٠وە تا ١٩٨٨ درێژەی هەبوو، ئاماژەی کرد "بەرگری پیرۆز بە یەکێک لە هەرە ڕوداوە گرنگ و کاریگەرەکان بۆ گەلی ئێران لەقەڵەم دەدرێت".

خامنەئی ئاماژەی بەوەشکرد، گەورەترین کاری ئیمام خومەینی ڕابەری ئێران لەو کاتەدا ئەوە بووە، قەبارەی ڕاستەقینەی دوژمنی زانیووە، چونکە هەر لەسەرەتاوە زانیویەتی جەنگ لە دژی ئێران تەنها شەڕی نێوان دوو دەوڵەتی هاوسێ نەبووە، بەڵکو دوژمنی ڕاستەقینەی ئەو جەنگەی ناسیوە و سەدام تەنها هۆکارێک بووە لە جەنگەکەدا بەکارهاتووە.

ڕابەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، سەدام حسین سەرۆکی پێشووی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە بەکارهاتووە ، چونکە ئەو دەستدرێژکاری سەرەکی بووە لە جەنگەکەدا، ئەمریکا لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ڕژێمی سەدام حسیندا هەبووە و لەو کاتەدا زانیاری و هاوکاری سەربازیی پێشکەش کردووە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا خامنەئی جەختیکردەوە، ئێران بەسەر هەموو هەوڵەکانی خۆرئاوادا سەرکەوتوو بووە ، کە ویستوویانە  سیستمی ئێران بڕوخێنن و دەست بەسەر وڵاتەکەیدا بگرن، چونکە ویستوویانە لەڕێگەی جەنگەوە حکومەتێکی بەکرێگیراوی سەر بەخۆیان بهێنن، بەڵام لە کۆتاییدا هەموو هەوڵەکانیان شکستی هێنا.

لەڕۆژی بەرگری پیرۆزدا، کە لەئێرانە ساڵانە هەفتەیەک تەرخان دەکرێت بۆ ئەو بۆنەیە بە ناوی "هەینی بەرگری پیرۆز" لە ساڵیادی جەنگی ئێران عێراقدا، خامنەئی ئاماژەی کرد بە دەستپێشخەری خەڵاتکردنی یەک ملیۆن کەس لە شەهیدان و جەنگاوەرە دێریینەکان، کە بەشداری ئەو جەنگەیان کردووە.



ڕیکلام