لە وەزارەتێکی عێراق 20 هەزار فەرمانبەری دوو موچە ئاشکرا کرا

  2020-09-21  | 
عادل ریکابی وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عادل ریکابی وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، ٢٠ هەزار فەرمانبەریان ئاشکرا کردووە، کە لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی دوو موچەیان وەرگرتووە.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی جەختیکردووەتەوە، بەشێوەیەکی یاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکرێت کە دوو موچەیان وەرگرتوووە و پێشێلکاری مافی کۆمەکی پاراستنی کۆمەڵایەتییان کردووە، کە نزیکەی ٢٠ هەزار فەرمانبەر دەبن لە ناو وەزارەتەکانی دەوڵەت و دەستەکاندا کاردەکەن.

لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دوای کۆبوونەوە و ڕاوێژ لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکاندا بڕیاردراوە بە گێرانەوەی سەرجەم ئەو برەپارانە لەو فەرمانبەرانە لە نزیکترین دەرفەتدا، بۆ ئەوەی دەستبەجێ تەرخانبکرێت بۆ هاوڵاتی هەژار و کەمدەرامەت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو کەسانەی دوو موچەیان وەرگرتووە، بەگوێرەی شوێن و وەزارەتەکە و ئەرکەی، هەموو پارەکە بە یەک جار یان بە چەند جارێک لێی وەردەگیرێتەوە، کە نابێت لە ماوەی پێنج ساڵ تێپەڕ بکات، ئەگەر نا ئەوا ئەو فەرمانبەرە ڕێوشوێنی ئیداری و یاسایی لەبەرامبەر دەگیرێتە بەر.

ئاشکرابوونی ئەو ٢٠ هەزار فەرمانبەرە کە دوو مووچەیان لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی وەرگرتووە لە کاتێکدایە، پێشتر عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، نزیکەی 300 هەزار فەرمانبەری بندیوار لە عێراق هەن، هۆشداریشیدا لەوەی کە قەیرانی ئابوری کێشەی ئەمنی و ئاسایش لە وڵاتەکە زیاتر دەکات.



ڕیکلام