ترەمپ مەرسومی سزاکانی بەسەر ئێران ئیمزا کرد

  2020-09-21  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە مەرسومێکی سەرۆکایەتی ئیمزا کرد، بۆ سەپاندنی سزای ئابوری قورس بەسەر هەر وڵات و کۆمپانیا و ئەو کەسانەی هاوکار دەبن لە پێشکەشکردنی هاوکاری و فرۆشتین چەکی ئاسایی بە ئێران.

ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا سزای نوێی سەپاندووە بسەر ٢٧ قەوارە و کەسایەتی تێوەگلاو لە چالاکییەکانی ئێران، کە تایبەتن بە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، لەناویاندا وەزیری بەرگری ئێران و پێنج زانای ئەو وڵاتە هەن.

لەو بارەیەوە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری بەرگری و خەزێنەی ئەمریکا و ڕاوێژکاری ئاسایشیی نەتەوەیی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند "ئەمڕۆ یەکەم ڕێوشوێن دەگیرێتە بەر لەسایەی ئەو مەرسومەی کە ئیمزا کراوە بۆ سەپاندنی گەمارۆکان بەسەر وەزیری بەرگری ئێراندا".

پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانی نەهێنایە ڕیزی کۆمەڵی نێودەوڵەتی، یاخود ڕێگری بکات لەوەی نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بۆیە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێی  وابوو ڕێککەوتنەکە شکستێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵی نێودەوڵەتی.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕوونیکردەوە، ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە شکستی هێنا، چونکە ئاراستەیەکی دروست کرد بۆ ئەوەی ئێران مادەی تەقینەوەی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، بۆیە ئیدارەی ئەمریکا نیازی نییە ڕێگە بدات بەئێران چەکی پێشکەوتوو بکڕێت، بە تایبەت کە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بەوتەی ئەو پشتیوانی "تیرۆر" دەکەن.

سەبارەت بەو ڕەخنانەش کە لەلایەن دەوڵەتانی ئەوروپا ئاراستەی هەنگاوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکرێت، کە تاک لایەنە دژی ئیرانە، پۆمپیۆ جەختیکردەوە ئەو هەنگاو و سزایانە دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی زیاتری ئێران نەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، داواشی لە  وڵاتە ئەوروپییەکان کرد، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران جێبەجێ بکەن.

لەبەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە، ڕێوشوێنەکانی کە گرتوویانەتە بەر لەدژی ئێران هۆشدارییەکە دەبێت هەموو جیهان بیبیستێت، ئاماژەی بەوەشکرد دووبارە کار کراوەتەوە بە سەپاندنەوەی هەموو گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا کە پێشتر هەڵگیرابوون.

هەر لەوچوارچێوەیەدا پۆمپیۆ ئاشکرایکرد، سزا بەسەر نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی پێشووی ڤەنزویلاشدا سەپێنراوە، کە ڕژێمەکەی پەیوەندی نایاسایی هەیە لەگەڵ ئێراندا.

وتیشی "ماوەی دوو ساڵە لێپرسراوە گەندەڵەکان لەتاران کار لەگەڵ ڕژێمی نایاسایی ڤەنزویلا دەکەن، بۆ خۆ دزیینەوە لە قەدەغەکردنی چەک کە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری لێ داوە دژی ئێران".

هەر لەو گۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەدا "ستیڤن مەنوشن" وەزیری خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لیستی سزاکان ناوی ئەو کەسانەی تیا هاتووە کە چەکیان داوەتە ئێران، جگە لەوەش ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانیش لەخۆ دەگرێت.

ڕوونیشیکردەوە، هەر کەس و دامەزراوەیەک هاوکار بێت بۆ کارئاسانی لە پرۆگرامی چەکی ئێران، ناوی زیاد دەکرێت بۆ لیستی سزاکانی وڵاتەکەی.

لە لایەکی ترەوە وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیە هاوبەشەکەدا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەکی ئێران لە داهاتوودا .

مارک ئەسپەر وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاشکرایکرد، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی سزا و ڕێوشوێنی نوێی گرتووەتە بەر لە دژی چەندی قەوارە و کەسایەتی کە پەیوەندییان بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە  هەبووە .

ئەسپەر ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران لەم چەند ساڵەی دوایدا چەندین هێرشی ئەنجامداوە کە ژێرخان و کەشتی و هێزەکانی ئەمریکای تیا کردوونەتە ئامانج .

جەختیشیکردەوە، هەموو ئەو هەنگاوانەی کە لەدژی ئێران دەگیرێتە بەر، ئامانج لێیان پاراستنی گیانی سەربازانی ئەمریکایە و هەموو هێزەکانی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خراونەتە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە، بۆ بەرپەرچدانەویە هەر روداوێکی کتوپڕ لە ناوچەکەدا .

لە لایەکی ترەوە ویلبەر ڕوس وەزیری بازرگانی ئەمریکا لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیە هاوبەشەدا ڕایگەیاند، ناوی پێنج زانی ئێران زیادکراوە بۆ لیستی سزاکان، ئەویش بەهۆی ئەو ڕۆڵەی کە هەیانبووە لە پرۆگرامە ئەتۆمییە قەدەغەکراوەکانی تاراندا.

ئاماژەی بەوەشکرد، سزاکان ئەو کەسە دیاریکراوەنە دەگرێتەوە کە ڕۆڵیان هەبووە لە هەوڵەکانی ئیران، بۆ بەدەستهێنانی کەلوپەل و مادەی تایبەت و پەیوەندار بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕۆبەر ئۆبراین ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ڕوونیکردەوە، ئەنجومەنی ئاسایش شکستی هێنا لە پارێزگاریکردن لە ئاشتی نێودەوڵەتی بۆ سەپاندنی گەمارۆی چەک بەسەر ئێراندا، جەختیشیکردەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێگە نادات بەو کارە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئاشکرایکرد، واشنتۆن دەستبەستراو نابێت کاتێک ئێران دەیەوێت ئارامی ناوچەکە تێک بدات، بە هەمان شێوەش ڕێگا نادات بەوەی تاران هەرەشە لە ئاشتی جیهانی بکات.

لە کۆتایی وتەکانید ڕاوێژکاری ئاسایشیی نەتەوەیی ئەمریکا جەختیکردەوە، ئێران دەتوانێت وڵاتێکی گەشەسەندوو بێت، ئەگەر بێتوو هەڵسوکەوتەکانی بگۆڕێت، هەر ئەوەش ئامانجی سزاکانە، بە تایبەت تاران سەرجەم ئەو پارانەی کە بەگوێرەی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمییەکە بەدەستی هێناوە، بەکاریهێناوە بۆ بەهێزکردنی باڵە سەربازییەکانی لەناوچەکەدا و ڕەخنەشی لە دەسەڵاتی ئێران گرت، کە ڕێگری لە گەشەکردنی گەلەکەی دەگرێت، لەکاتێکدا پارەکانی بۆ بەهێزکردنی هەژموونی هەرێمایەتی خۆی بەکار دەهێنێنێت.



ڕیکلام