سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەسەر دۆخی ناوچە کوردستانییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە

  2020-09-22  | 
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە سنوری پارێزگای کەرکو ک ناوچ کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان سیاسەتی بەعەرەبکردن بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو بەردەوامە.

 لەپەیامێکدا مەسروربارزانی ڕایگەیاند "بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێری بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای کەرکووک، کە بەداخەوە سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو لەو ناوچانە بەردەوامە کە دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی بەعەرەبکردنی ڕژێمەکانی پێشووی عێراقە لە دژی خەڵكی ئەو ناوچانە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی زیاتر جێگەی نیگەرانی و سەرسوڕمانی ئەوانە، ئەو کردەوانە لە عێراقێکی دیموکراتی ئەنجام دەدرێت، کە بەپێی دەستوور نەخشەڕێگە و چۆنیەتی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان و دیاریکردنی چآرەنووسیان دیاریکراوە .

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، لەکاتێکدا کە بە تووندی ئیدانەی سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و بە تایبەت لە کەرکووک دەکەن، دووپاتیشی دەکەنەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز ئەو جۆرە سیاسەتە قبوڵ ناکات، بە تایبەت گەڕاندنەوە و نیشتەجێکردنی خەڵکانێک کە دانیشتووی ڕەسەنی ئەو ناوچانە نین، ئەمە جیا لە داگیرکردنەوەی گوند و ناوچە کوردستانییەکان و دەرکردنی هاووڵاتییانی کورد و تورکمان لەسەر خاکی خۆیان و داگیرکردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و جارێکی دیکە بەخشینی بەو کەسانەی کە 35 ساڵ لەژێر سایەی ڕژێمی پێشوو، زەوییەکانیان داگیرکرد بوو.

ڕوونیشیکردووەتەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتانەش ، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راسپێردراوە سەردانی بەغدا بکات .

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاندووە، داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکەن کە ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر، بە پێی ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانەی پێیدراوە، تا ڕێگری لە هەندێک لە ئیدارە خۆجێیەکان بکات، کە لە درێژەدان بەم جۆرە سیاسەتە بوەستن. هەروەک پێویستە بڕیاری دوورخستنەوەی هێزە سەربازییەکان بدات لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە سیاسەتە و بەکارهێنانیان لەم پرۆسەیەدا.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا وتوویەتی "دووپاتیش لە داواکارییەکانمان دەکەینەوە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە و جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور. هەروەها داواش لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکەین کە بەپەلە هەوڵی خۆی بدات بۆ ڕێگریکردن لەو پێشێلکارییە ترسناکانەی کە دەرهەق بە خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە دەکرێت لە لایەن ئیدارە خۆجێیەکانەوە .

 سەپاندنی ئەو جۆرە سیاسەت وڕەفتارانە، هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانە دەکات کە پێچەوانەی خواستی ئێمەیە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و برایانەی نێوان هەموو پێکهاتەکان . "



ڕیکلام