تەندروستی عێراق ئەو کەسانەی دیاریکرد کە یەکەمجار ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن

  2020-09-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ئەو کەسانەی ئاشکرایکرد، کە بۆ یەکەمجار ڤاکیسنی کۆرۆنا وەردەگرن، کە چاوەڕواندەکرێت بەم نزیکانە بگاتە عێراق.

ڕیاز عەبدولئەمیر بەڕێوەبەر تەندروستی گشتی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق چووەتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی کە بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڤاکسینەکان ناسراون و بەم نزیکانەش ڤاکسین لەو کۆمپانیایانە  وەردەگرێت کە رەوانەی دەکەن بۆ ١٥٦ دەوڵەتی جیهان.

ئاشکرایکرد، ئەو بڕەی کە لەسەرەتاوە دابیندەکرێت لەلایەن ئەو هاوپەیمانێتییەوە ڕەوانە دەکرێت، بۆ لە٢٠%ی ژمارەی دانیشتوان دەبێت، کە چاوەڕواندەکرێت بۆ عێراق بڕەکەی ٨ ملیۆن ڤاکسین بێت.

ئەو بەرپەرسە باڵایەی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی کە سەرەتا ڤاکسینەکە وەردەگرن بریتین لەوکەسانەی کە بەهۆی کۆرۆناوە دۆخی تەندروستیان ناجێگر و مەترسیدارە، بە تایبەت کەسانی بەتەمەن و ئەوانەی نەخۆشییە درێژخایەنییەکانیان هەیە، لەگەڵ تیمە تەندروستییەکان و هێزە ئەمنییەکان.

ئاشکراشیکرد، لەسەرەتاوە کار لەسەر کڕینی فاکسینەکانی چین و ڕوسیا دەکەن و دواتریش لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکە گرێبەست دەکرێت، بە مەبەستی دابینکردنی بڕی پێویست بۆ سەرجەم دانیشتوانی عێراق.

بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، لەوەتەی کۆرۆنا لە عێراقدا بڵاوبووەتەوە، ٣٢٧هەزار و ٥٨٠ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٢٦١هەزار و ٧٥٧ کەسیش چاکبوونەتەوە.

تا ئێستا بەهۆی پەتاکەوە ٨٦٨٢ کەس لەسەرانسەری عێراق گیانیان لەدەستداوە.



ڕیکلام