سزایەکی دیکەی زیندانیکردن بۆ سەباحەت تۆنجەل دەرچوو

  2020-09-22  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەتۆمەتی سوکایەتیکردن بە ئەردۆغان سزایەکی دیکەی زیندانیکردن بۆ سەباحەت تۆنجەل پەرلەمانتاری هەدەپە دەرچووە، کە لە ئێستادا بەتۆمەتی تیرۆر زیندانیکراوە.

دوو پارێزەرەی تیمی بەرگری لەو پەرلەمانتارە کوردە ڕایانگەیاند، سزاسی زیندانیکردنێکی دیکە بۆ سەباحەت تۆنجەل دەرچووە، بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا.

هەفتەی ڕابردوو دادگای تورکیا سزای ١١ مانگ و ٢٠ ڕۆژ زیندانیکردنی سەپاند بەسەر تۆنجەلدا بەهۆی ئەوەی سەرۆکی تورکیای بە دوژمنی کورد و ژنان ناوبردووە لەوتەیەکدا لە ساڵی ٢٠١٦.

پارێزەرەکەی تۆنجەل لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، ئەو ڕەخنانەی کە ئەو پەرلەمنتارەی لەسەر زیندانیکراوە، دەچێتە سنوری رەخنەی ڕێگەپێدراوەوە بۆ نەیارێکی سیاسی.

پارێزەرەکەی ئاماژە بەوەش دەکات وتەکانی تۆنجەل پەرت پەرت  کراوە و لە وتارە گشتییە دەرهێنراوە.

لە دانیشتنێکی دادگا کە لەمانگی تەموزی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو، تۆنجەل ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، پیویستە بتوانرێت رەخنە لە نەیاری سیاسی بگیرێت، تۆمەتەکانیش کە ئاراستەی کراون بە هەوڵێک بۆ سەرکەوتکردن و ڕێگریکردن لەئازادی ڕادەربڕین و بیرکردنەوە ڕیکخستن بە تایبەت ئازادی سیاسی ناوبرد.

ساڵی ڕابردووش دادگای تورکیا سزای ١٥ ساڵ زیندانی کردنی بەسەر ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپەدا سەپاند، بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی تیرۆریستی و ئەندامیەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا.

بەگوێرەی بەیاننامە فەرمییەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، سزای سوکایەتیکردن بە سەرۆک توندترین سزای دەگاتە ٤ ساڵ زیندانیکردن، ئەو ڕێژەیەش لەو کێشانە لە تورکیا لە ساڵی ٢٠١٩دا بەڕێژەی لە ٣٠%ی زیادیکردووە، بەشێوەیەک لەو ساڵەدا لێکۆڵینەوە لەگەل ٢٦ هەزار و ١١٥ کەس کراوە و نزیکەی پێنج هەزار کەس لەسەر ئەو کێشانە لەبەردەم دادگا ڕاگیراون و سزای زیندانیکردنیش بەسەر ٢٤٦٢ کەسیشدا سەپێنراوە.



ڕیکلام