میوزیكژەن گەیلان كامەران میلۆدییەكی هونەرمەند زیاد ئەسعەدی نوێكردەوە

  2020-09-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
گۆرانی (بەردەرگا)، یەكێكە لە بەرهەمە دیارەكانی هونەرمەندی گەورەی كورد "زیاد ئەسعەد"، میوزیكژەنی گەنج (گەیلان كامەران) هەستاوە بە نوێكردنەوەی ئەم بەرهەمە بەشێوەیەكی مۆدێرن، لە هەمانكاتدا لە لایەن ستافێكی كارامە ڤیدیۆ كلیپێكی شایستەی بۆ دروستكراوە، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە چەناڵی یوتوب بڵاوكرایەوە.


ستافی بەرهەمی (بەردەرگا) پێكهاتوون لە: نوێكردنەوەو بەرهەمهێنان (گەیلان كامەران)، میلۆدی هونەرمەند (زیاد ئەسعەد)، بەرهەمهێنانی میوزیك و میكس و ماسترینگ (بۆكان عەباس)، دابەشكردنەوی میوزیك (زریان نعمان)، دەرهێنانی ڤیدیۆ كلیپ سینەماكاری گەنج (هەردی حەسەن)، دانسەر (محەمەد خالید و تیفانی خورەیە)، بەڕێوەبەری وێنەگرتن (هاوكار فەرهاد)، ئیدیت و كەلەر كۆلێكشن (ئادەم ئەیام)، مێك ئاپ (بەهار مستەفا)، دۆڵی (سیروان گلی)، ڤیژوەل ئیفێكت (محەمەد ئیدریس)، فۆكس مان (ڕێكەوت خالید)، ڕۆناكی (عبدالقادر ناجی)، یاریدەدەرانی كامێرا (محەمەد معروف و ڕەوا كوردمان)، ئارت دیزاینەر (گۆران معروف)، یاریدەدەری ئارت دیزاین (محمود بەرزنجی)، فۆتۆ باك ستێج (ئەژین شێخی)، سێرڤس سێت (زەكەریا كامەران).

لەمبارەیەوە میوزیكژەن (گەیلان كامەران) سەبارەت بە نوێكردنەوەی میلۆدییەكی هونەرمەند "زیاد ئەسعەد" بە ده‌زگا میدیایه‌كانی ڕاده‌گەینێت: حەزم كرد ئەم كارەم میوزیكێكی شادی بێ، وەك لەوەی میوزیكێكی غەمگین، لەدوای گەڕانم لەچەند گۆرانییەك دواجار ئەم گۆرانییەی مامۆستا "زیاد ئەسعەد"ـم هەڵبژارد، كە گۆرانی (بەردەرگا) یە، هەم لەبەر تێكسەتەكەی كە زۆرم پێ جوان بوو، هەم میلۆدی و ئاوازەكەی، هەم وەك وەفایەك بۆ هونەرمەندی ناوبراو، كە یەكێكە لەو گۆرانیبێژانەی كە زۆر لام تایبەتە و جوانە، وە پێشكەشی دەكەم بە خۆیی و هیوادارم بە دڵی بێت و كارەكەم ڕەزامەندی هەموو بینەران و خەڵك بێت.

هاوكات لە درێژەی قسەكانیدا له‌باره‌ی ئەزموونی كارە میوزیكیەكانی ده‌ڵێت: بەرهەمی "بەردەرگا" یەكەمین كاری میوزیكمە ڤیدیۆ كلیپی بۆ بكەم و بەشێوەیەكی فەرمی بیناسێنم و بڵاویبكەمەوە، بەڵام من هەر لە قۆناغی پەیمانگاوە دەستم بە ژەنین كرد، كە زیاتر حەزم لە بواری میوزیك دروست كردن بوو، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر میوزیكەكانی (جاز، ڕۆك، پۆپ، كلاسیك، هتد)، دەچووە ناو خەیاڵم وەك زیاتر لە میوزیكی كوردی.

ئاماژەی بەوەش ده‌دات: ئەوەی لەبیر نەكەم من كە سەرەتا دەستم بە میوزیك كرد بەهۆی خێزانەكەمەوە بوو، كە باوكم ژەنیاری ئامێری ڕیتمە، لەوەوە خولیای میوزیكم بۆ پەیدابوو، بەڵام جیاواز لە ڕێچكەو ستائیلی وان، دواتر ڕۆژ دوای ڕۆژ بەهۆی زیاتر خولیام لە بواری میوزیك حەزم چووە سەر ئامێری كلارنێت، دواتر لە قۆناغی سێیەمی پەیمانگا دەستم بەبڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ كرد بەشێوازی (كەڤەر) واتە دووبارە ژەنینی میوزیكی گۆرانییەكان، كە تا ئێستا زیاتر لە (40) كەڤەرم كردووە، ئامانجم لەم كارە ئەوە بووە كە خەڵك زیاتر گوێ لە میوزیك بگرن و خولیای میوزیكیان هەبێ، دواتر دەستم كرد بەمیوزیكی سەر شەقام كە بۆ ماوەیەكی زۆر بەردەوام بووم، بەهیوا بووم بیكەم بە كەلتور، بەڵام لەبەر خراپی ڕێگاوبان و پشتگیری نەكردنی حكومەت نەمانتوانی بەردەوام بین تاكاتێكی گونجاو.

لە كۆتایشدا ده‌ڵێت: بەشێكی تری كارەكەم كە جیاوازە لە كارەكانی ئێستادا، ڤیدیۆ كلیپەكە وەك فیلمێك وایە، سەما ڕۆڵێكی تەواو جوان و جیاواز دەبینێ، هیوادارم ئەم جۆرە كارە میوزیكیانە بەردەوامی هەبێت لەناو میوزیك ژەنان، پێشتر هەوڵی تاك تاكە هەبووە، بەڵام بەڕێژەیەكی زۆر كەم بووە، بەهیوام میوزیك ژەنان كاری تاكەكەسی پێشكەش بكەن، بۆ ئەوەی ناو كوردیش ببێ بە كەلتور و میوزیكیش بەتەنیا گوێگری خۆی هەبێ، نەك بەس تەنها كار لەسەر گۆرانی بكرێت.


ڕیکلام