عێراق دەست بە بنیاتنانی وێستگەی ئەتۆمی دەکات

  2020-09-24  | 
وێستگەی ئەتۆمی تەموز کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆمباران کرا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەستەی عێراقی بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە تیشکەوەرەکان ئاشکرایکرد، بە فەرمانی سەرۆک وەزیران لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ بنیاتنانی وێستگەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی توێژینەوە.

کەمال حسین لەتیف سەرۆکی دەستەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران بایەخێکی تایبەت دەدات بە دۆسیەی وزە، بە تایبەت لەکۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی لەگەل لێپرسراوە فەرەنسییەکان ئەو بابەتە تاوتوێ کراوە.

ئاماژە بەوەشکرد، لەئێستادا بە فەرمانێکی دیوانی لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی دروستکردنی بنیاتنانی وێستگەی ئەتۆمی تایبەت بە بواری توێژینەوە.

جەختیشیکردووەتەوە عێراق لەهەوڵی گێرانەوەی پێگەی زانستی و ئەتۆمی خۆیدایە، کە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا هەیبووە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆکی دەستەی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە تیشکەرەوەکانی عێراق راشیگەیاند، ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆم و بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پشیتوانی پڕۆژەکەی عێراق دەکەن، بە مەبەستی سەرلەنوی هەستانەوەی عێراق لە بواری ئەتۆمی و پرۆگرامە ئاشتیخوازە بەسودەکانی.

ڕوونیشیکردەوە، بنیاتنانی وێستگەی ئەتۆمی کارئاسانی دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی کەلوپەلی پزیشکی و تەندروستی و دەرمانسازی، گەشەپێدانی توێژینەوە جیاجیاکانی بواری کشتوکاڵی و تەندروستی، قەلاچۆکردنی بایۆلۆژیانەی زیندەوەرەکان و چەندین توێژینەوە و بەرهەمی گرنگی دیکەی پیشەسازی.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ پێداویستی توێژینەوە زانستییەکان عێراق پێویستی بە بنیتنانی وێستگەی ئەتۆمی بە هێزی ١٠ مێگاوات هەیە، هەروەها بنیاتنانی نەخۆشخانەیەکی وەبەرهێنانی بواری پزیشکی ئەتۆمی، کە نزیک بێت لە وێستگە ئەتۆمییەکە، بنیاتنانی وێستگەش ٥ ساڵی پێویستە.

لە کۆتایی وتەکانیدا ئەو بەرپرسە عێراقییە ئاشکرایکرد، تا سەرەتای ساڵی ٢٠٣٠ نزیکەی نیوەی بەرهەمی نەوتی عێراق لە بواری بەرهەمهێنانی کارەبادا دەسوتێت، ئەگەر هاتوو وێستگەکانی بەرهەمهێنانی توانای ٤٢ و گێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنن، لە ساڵی ٢٠٠٣ پێشنیازی بۆ لیژنەی وزەیی پەرلەمان و حکومەت کردووە تا ساڵی ٢٠٠٩ سێ وێستگەی ئەتۆمی بنیات بنرێت، کە دەتوانرا تا ساڵی ٢٠١٩ تەواو بکرێت ، بۆیە ئەگەر ئەگەر ئەو پلانە جێبەجێ بکرایە ئەوە لە ئێستا عێراق هیچ کێشەیەکی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبادا نەدەبوو، جگە لەوەش بڕێکی زیاتر نەوت هەناردەی دەرەوە دەکرا لەبری ئەوەی بسوتێنریت، بۆیە دۆسیەی ئەتۆمی دۆسیەکی نیسشتیمانییە و بایەخێکی گرنگی هەیە، چونکە سودی دەبێت بۆ نەوەی داهاتوو لە عێراقدا.



ڕیکلام