ژمارەیەك چەكدار لە ماڵێكدا كەسێك دەكوژن و دوو كەسی دیكە بریندار دەكەن

  2020-09-26  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شەوی رابردوو لە گەڕەكی فەرمانبەرانی شاری هەولێر چەند كەسێك دەچنە سەر ماڵێك و دەستڕێژی گوللـەیان لێدەكەن، گەنجێك دەكوژن و دوو كەسی دیكەش بریندار دەكەن و دواتر هەڵدێن.


 شەوی رابردوو لە كاتژمێر 12 لە گەڕەكی فەرمانبەرانی شاری هەولێر چەند چەكدارێك هەڵدەكوتنە سەر ماڵێك و تەقە دەكەن بەهۆیەوە  كوڕێكی ماڵەكە بەناوی بارزان حوسێن، تەمەن 24 ساڵ دەكوژرێت. 

دایكی  ئەو گەنجەی ئەو چەكدارانە كوشتیان بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: ئەو گروپە  وەك مافیا هاتن و تەقەیان كرد و هەرەشەی كوشتنی هەموو كەسێكیان دەكرد، لە ئەنجامدا كوڕەكەمیان كوشت و كچەزایەكیشمیان بریندار كرد. 

بە گوێرەی زانیاریەكان ئەو گەنجەی كوژراوە ماوەی ساڵێک دەبێت هاوسەرگیری كردووە و هاوژینەکەی ماوەی حەوت مانگە دوو گیانە، یەكێكیش لە بریندارەكان دراوسێی ماڵەكەیان بووە، دایكی بارزان ئەوەشی راگەیاند ئەوان هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ ئەو كەسانە و هیچ كەسێكی دیكە نەبووە. 

 ئاماژەی بەوەشكرد ئەو كەس تەقەكانی كردووە ماڵیان لە خواری ماڵیانەوەیە، داواشی لە سەرۆكی حكومەت كرد هەقی كوڕەكەی وەربگرێتەوە لەبەر ئەوەی بە ناهەق كوژراوە. 

هەرچەندە ئەو كەسانەی چوونەتە سەر ماڵەكە هەڵهاتوون بەڵام هێزە ئەمنیەكان لێكۆڵینەوەیان لە رووداوەكە دەستپێكردووە و بنەماڵەی كوژراوەكەش سكاڵای یاساییان تۆمار كردووە.  


ڕیکلام