ماکرۆن: حزبەکانی لوبنان خیانەتیان کرد

  2020-09-26  | 
ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا و میشال عۆن سەرۆک کۆماری لوبنان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرچاوەیەکی نزیک لە ئیمانۆئیل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، پۆزشهێناوەی مستەفا ئەدیب سەرۆک وەزیرانی ڕاسپیردراوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، خیانەتێکی بەکۆمەڵی حزبە لوبنانییەکان.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەزاری ئەو سەرچاوە نزیکە لە سەرۆکی فەرەنساوە بڵاویکردەوە، فەڕەنسا لەپاڵ لوبناندا دەمێنێتەوە و یارمەتی دەدات بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی کە ئێستا پیا تێپەڕ دەبێت.

ئەمڕۆ مستەف ئەدیب سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی لوبنان ئەمڕۆ پۆزشی هێنایەوە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان، ئەو هەنگاوەش بە شکستی دەستپێشخەرییەکەی فەڕەنسا دادەنرێت لە لوبناندا.

دەستپێشخەرییەکەی فەرەنسا باس لە پێکهێنانی حکومەت دەکات لە کەسانی شارەزا و ئەکادیمی لەماوەی دوو هەفتەدا، بەڵام ئەدیب وتی ئەو ناتوانێت ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات.

ئەدیب لە وتەیەکی تەلەفزیۆنیدا وتی "من داوای لێبوردن دەکەم لە ئەرکی پێکهێنانی حکومەت و داوای لێبوردن لەگەلی لوبنان دەکەم کە نەمتوانی خواستەکانیان بەدی بهێنم لەو دەروازەیەوە کە وەک دەرچەیەک بۆ ڕزگار بوون سەیر دەکرا".

بەهۆی تەقینەوەکەی بەیروتەوە حکومەتی لوبنان لەڕۆژی ٤ی ئابی ڕابردوودا دەستی لەکار کێشایەوە، ڕوداوەکە بووە هۆی کوژرانی ١٩٠ کەس و هەزاران بریندار و زەرە و زیانێکی مادی زۆر کە بە ملیارەها دۆلار مەزندە دەکرێت.



ڕیکلام