کازمی کار لەسەر دامەزراندنی ڕەوتێکی سیاسی نوێ دەکات

  2020-09-26  | 
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق
فۆتۆ: ڕۆیتەرز
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ماوەیەکە سەرقاڵی دروستکردنی رەوتێکی سیاسی نوێیە لە عێراقدا، بە ئامانجی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، ئەو هێزەش بە نیازە ناوی بنێت "ڕەوتی دەوڵەت".

لە ڕاپۆرتێکدا ماڵپەڕی (ئەلجەزیرە) لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بڵاویکردەوە، ئەو روداوە کتوپڕانەی کە ماوەی ساڵێکە عێراق بەخۆیەوە دەیبینێت، پێویستی بە قەوارەی سیاسی نوێیە، بەشێوەیەک ئەرکی سەرشانی ئەوە بێت هەژموونی ئەو حزبانە کەمبکاتەوە، کە ماوەی ١٧ ساڵە کۆنترۆڵی دەسەڵاتیان کردووە و خۆپیشاندانی فراوان لەدژیان بەرپا بووە .

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، کازمی مافی یاسایی هەیە بە پێکهێنانی رەوتێکی سیاسی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، بەهیوای ئەوەی ببێتە مایەی دابینکردنی خواستی عێراقییەکان کە ژیانێکی شایستە بەسەر بەرن، بۆ ئەو مەبەسەتەش لە ئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی رەوتیکی سیاسییە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، ڕاگەیاندنی قەوارەکەش لە چەند هەفتەی داهاتوو ئاشکرا دەکرێت .

ڕاپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە، گفتوگۆکان سەبارەت بە پێکهێنانی پێکهاتەیەکی نوێ بەردەوامە، بۆ دانانی یەیکەرێکی بنەڕەتی، کە لە چەند کەسایەتییەکی شارەزا و نیشتمانپەروەر پێکهاتوون .

کازمی هیوای زۆری بەو پێکهاتە نوێیە هەیە، کە چاوەڕواندەکرێت ناوی  (ڕەوتی دەوڵەت) یان ناوێکی نزیک لەوەوە بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت هەژموونی هێزە سیاسییەکان کەمبکاتەوە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا .

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە پەیکەری بنەڕەتی رێکخستنەکە لە ١٠ کەسایەتی پێکهاتوون، لە ناویاندا، (رائید جوحی) بەڕێوەبەری نوسینگەی کازمی، (موشریق عەباس) میدیاکار، (زیاد ئەلعجیلی) ، (ئەحمەد مولا تەلال) وتەبێژی سەرۆک وەزیران، هەروەها ڕاوێژکارەکانی لەوانە (کازم سەهلانی، حسین عەلاوی، هیشام داود) ئەوە سەرەڕای هەندێک کەسایەتی یاسایی و چالاکوانی مەدەنی ناو خۆپیشاندانەکان .

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئەلجەزیرە، ئەو کۆمەڵە کاردەکەن لەسەر پێکهێنانی پێگەیەک کە لە ٥٠ کەسایەتی نیشتیمانی کاریگەر لە سەرجەم پارێزگاکان و ئامادەکردنیان بۆ سەرکردایەتیکردنی ناوچەکانیان، بە ئامانجی ئامادەکاری بۆ قۆناغی داهاتوو.

موعین کازمی سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح جەختدەکاتەوە لە بوونی ڕێککەوتنێک لە نێوان هێزە سیاسییەکان و سەرۆک وەزیران، کە نابێت سەرۆک وەزیران حزبی سیاسی پێکبهێنێت بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، ناوبراویش ڕازی بووە، بۆیە لە پەرلەمان بێ کێشە پێکهاتەی حکومەتەکەی تێپەڕێنرا.

ئەو سەرکردەی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی حکومەت لەڕووی مۆراڵییەوە پابەندە بەوەی بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتوو نەکات، لە باشترین حاڵەتدا قەوارەیەکی دەبێت لە پەرلەماندا، هەروەک چۆن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشوو ئەنجامیدا.

لەپێناو ئەوەشدا بینرا کە چەندین گۆڕانکاریی کرد لە پۆستەکاندا بۆ راکێشانی شەقام و خۆپیشاندەران بەلای خۆیدا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانی فەتح باسی لەوەشکرد، سەرۆکی حکومەت سەرباری دڵنیایی هێزە سیاسییەکان لێی، کە زەمینە سازی بۆ هەڵبژاردنەکان دەکات و ئاسایشی بەرقەرار دەکات، دەبینین هەیبەتی دەوڵەت دادەڕمێت، سوکایەتی بە دەزگای ئەمنییەکان دەکرێت، ئەوە دەبێتە هۆی لێڵکردنی زیاتری دۆخەکە بەشێوەیەکی فراوانتر و بڵاوبوونەوەی بێسەروبەری، کە بووەتە مایەی هەڵوێستەی جەماوەری عێراق.

ئەو سەرکردەی هاوپەیمانی فەتح ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆک وەزیران لەپێناو پرۆژەکەی ئێستای، چەندین پۆستی دیاریکراوی بەخشیوە بە هەندێک لە قەوارە سیاسییەکان، ئەویش لەپێناو بەدەستهێنانی پشتیوانیان بۆ قۆناغی داهاتوو، بۆیە لەگەڵبوونی هەندێک لە هێزە سیاسییەکان کە سواری شەپۆلی جەماوەر بوون، هۆکاری نەزاهەت و پاکو بێگەردی لە هەڵبژاردنەکاندا مۆرکی جیاکەرەوە دەبێت، چونکە هیچ دەنگێکی ئەوتۆی شەقام بەدەست ناهێنن.

ئەو پێشهات و گۆڕانکارییانە لەکاتێکدایە، پێشتر سەرۆک وەزیرانی عێراق، زنجیرەیەک گۆڕانکاری لە پۆستە ئیداری و ئەمنی و ئابورییەکانی ناو حکومەت ئەنجام دا، لە دیارترینیان بانکی ناوەندیی و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و دەستەی وەبەرهێنان، هەروەها فەرمانیکرد بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هەمیشەیی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی، بەسەرۆکایەتی فەریق ئەحمەد ئەبو رەغیف، دەزگای دژەتیرۆریش ئەرکی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای تایبەت بەو لیژنەیە جێبەجێ دەکات.

سەبارەت بە یاسای حزبەکان، عەلی تمیمی پسپۆڕی یاسایی عێراقی ڕوونیدەکاتەوە، یاسای بەرکاری حزبەکان لە ئێستادا و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ژمارە ٤٥ی ساڵی ٢٠١٣، هیچ جۆرە مەرجێکی تیا نییە کە ڕێگری بکات لە هیچ کەسایەتییەک کە خۆی کاندی نەکات، لەو کەسانەش سەرۆک وەزیران، هەر کەسێک دەیەوێت تانەی لێ بدات دەتوانێت بچێتە دادگای فیدراڵی پرسیاری لەسەر بکات.

تیمیمی ئاماژەی بەوەشکردووە، بە هەمان شێوە دەستوریش ڕێگری لە هیچ کەسایەتییەک ناکات خۆی کاندید نەکات، بەڵام هەندێک مەرج هەیە کە بەسەر کەسانی سەربازییدا دەیسەپێنێت، کە دەبێت دەستلەکار بکێشێتەوە لەو دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەی کە تیایدایە، دواتر کاری سیاسی بکات.

سەرباری بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان لەسەر شێوازی کۆتایی یاسای هەڵبژاردنی پێشوەختە، چاودێران چاوەڕوانی گۆڕانکاری دەکەن لە هاوسەنگی هێزەکاندا، ئەوەش لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەرەتاکەی دەرکەوتووە، بە تایبەت دوای خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی ڕابردوو کوژرانی سەدان خۆپیشاندەر و کاریگەرییەکانی قەیرانی نێوان ئەمریکا و ئێران، لەسەر دۆخی سیاسی و جەماوەری لەناوخۆیی عێراقدا.

هەموو ئەوانە دەتوانرێت لەلایەن کازمییەوە بەکاربهێنرێت بۆ ئاشکراکردنی حزبێکی نوێ بە پشتیوانی هەندێک لە هێزە سیاسییە گەنجەکان، بە ئامانجی شکاندنی ئەو شێوازە یەیڕەوکراوە دووبارەیەی، کە بەردەوام لە شانۆی سیاسی عیراقدا لە ساڵی ٢٠٠٣وە دووبارە دەبێتەوە.



ڕیکلام