گروپی ز. بۆ شانۆ دەستیان بە كارێكی نوێكرد

  2020-09-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
گروپی (ز بۆ شانۆ) كە گروپێكی شانۆییە و لە شاری هەڵەبجەی شەهید دامەزراوە، لە ئێستادا سەرقاڵی پڕۆڤەكردنن لە پڕۆژەیەكی نوێی شانۆییدا بە ناوی (شینە ـ لە شیندام) ئەم پڕۆژە شانۆییە نووسین و دەرهێنانی (ڕاڤیار نەوزاد)ە.


راڤیار نەوزاد، دەرهێنەری كارەكە بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: ئەم بەرهەمە هەنگاوێكی نوێ و جیاوازی ئێمەیە بۆ جێبەجێ كردنی ئەو ڕوئیایانەی كەهەمانە بۆ شانۆیەكی "زیندو و زبر" و هەر ئەمەشە كرۆكی ناوی گروپەكەمانە.

ئەو وتیشی: ناوەڕۆكی ئەم كارەشمان جیهانێكی نوێیە، تێك هەڵكێشكردنی ڕابردووی دوور و داهاتووی نزیكە لەیەك چیرۆكدا "چیرۆكی دروست بوون".

راڤیار نەوزاد روونیشیكردەوە، كارەكەیان شانۆی مۆدێرنە و گەڕانە بۆ فۆڕمێكی زبر و زیندوو، هەرچی جیاوازبوونیشە ئەوە شتێكە بینەر بڕیاری لێدەدات "ئێمەش هەوڵی بۆدەدەین و لەناوخۆماندا بۆ جیاوازییەكان دەگەڕێین". 

لە ئێستادا شانۆییە كە لە قۆناغی پڕۆڤەدایە و وا بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو دەست بە نمای شبكات و بڕیاریشە لە شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش نمایش بكرێت. 


ڕیکلام