ئێران: کەمترین وەڵامی تیرۆرکردنی سولەیمانی دەرکردنی ئەمریکایە لەعێراق

  2020-09-27  | 
دیداری نێوان عەلی شەمخانی و فوئاد حسین
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عەلی شەمخانی ئەمنیداری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ڕایگەیاند، کەمترین سزا لە پای کوشتنی قاسم سولەیمانی دەرکردنی ئەمریکییەکانە لە ناوچەکە و بە تایبەت لە عێراق.

لەمیانی پێشوازیکردنی لە فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق، شەمخانی داوای لە حکومەتی عێراق کرد بەدواچوون بکات بۆ تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی.

ئەمنیداری ئەنجومەنی ئاسایشیی نەتەوەیی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، چاودێریکردنی پرۆسەی تیرۆرکردنە ترسنۆکانەکە لەڕێگەی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانەوە، کەمترین ئاستی چاوەڕوانکراوە لەوەی حکومەتی عێراقی ئەنجامی بدات.

بەگوێرەی ئاژانسی میهری ئێران، لەبەرامبەریشدا فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق، سووربوونی وڵاتەکەی نیشاندانەوە بۆ گەشەپیدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە "حکومەت و گەلی عێراق بە هیچ شێوەیەک کۆمەک و پشتیوانی و قوربانیدانی گەلی ئێرانی لەبیر ناچێت، بە تایبەت لە بواری دوورخستنەوەی شەری تەکفیرییەکان لە عێراق".

فوئاد حسین ئاماژەی بەوەشکردووە، سەدام بە جەنگێکی هەشت ساڵە نەیتوانی گەلی ئێران و عێراق لێک جیا بکاتەوە، ئەوەش ئاماژەیەکی بەهێزە کە هیچ لایەنێکی دەرەکی ناتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەردوو وڵات.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا شەمخانی وتی "پرۆژەی سەهیۆنیەت کە لەئێستادا خۆی دەبینیتەوە لە ئاسایی بوونەوەی  پەیوەندییەکانی هەندێک لەوڵاتان لەگەڵ ئیسرائیل، هەمووی بە فشاری ئەمریکایە، ئەویش تەنها بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی ناوچەیە".

لە کۆتایی وتەکانیدا ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هەنگاوە خیانەتێکی گەورەیە لە گەلی فەلەستین دەکرێت و دەبێتە هۆی زیادبوونی ناکۆکی و ئاڵۆزییەکان لەناوچەکە، بوون و مانەوەی ئەو دەوڵەتانەش کە پەیوەندییەکانیان ئاساییکردووەتەوە روبەڕوی مەترسی دەکاتەوە.

ماوەی دوو ڕۆژە فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق  لەسەردانێکی ئێراندایە، کە لەدوای وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دەرەوە، بۆ یەکەمجارە سەردانی تاران دەکات.



ڕیکلام