ئەمریکا هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەکەی دەکات لە بەغدا

  2020-09-27  | 
پێشوازیکردنی دۆناڵد ترەمپ لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهۆی هێرشە نیمچە ڕۆژانەکانەوە کە دەکرێتە سەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی کردووە لە بەغدا، ئەوەش بە گورزێکی کەمەرشکێن بۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دادەنرێت.

چەند لێپرسراوێکی عێراق و بیانی بە ئاژانسی "فرانس پرێس" یان راگەیاندووە، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو پەیوەندی بە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقەوە کردووە و هۆشدارییەکی توندی داوەتێ.

ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، واشنتۆن هۆشداری داوەتە سەرۆک کۆمار، ئەگەر لایەنە ئەمنی و دادوەرییەکان نەکەونە جوڵە لەدژی بە ئامانجگرتنی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان، ئەوا بژاردەی دیکەیان لەبەردەستدایە، بۆ دڵنیایی ئەوەی ڕێگە نادەن ئەو دۆخە بەردەوام بێت.

ئەو سەرچاوانە بە ئاژانسە فەرەنسییەکەیان وتووە، ویلایەتە یەکگرتووەکان تەنها نیگەران نییە، بەڵکو زۆر نیگەرانە و بەم نزیکانەڕێوشوێنیش دەگرێتە بەر.

سەرچاوەیەکی باڵای عێراق بە فڕانس پرێسی راگەیاندووە، بەر لە سەردانەکەی مانگی ڕابردووی کازمی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، واشنتۆن ڕایگەیاندووە، ڕازی نییە لە مامەڵەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ گروپەکانی نزیک لە ئێران.

لەلایەکی ترەوە لێپرسراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، کاتێک گروپەکانی نزیک لە ئێران کە بە موشەک هێرش دەکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بە تەنها مەترسی نییە بۆسەر ئەوان، بەڵکو مەترسییە بۆسەر حکومەتی عێراقیش.

سەرچاوەیەکی دیپلۆماتی خۆرئاوا لە بەغدا بە فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، کشانەوەی ئەمریکا و داخستنی باڵیۆزخانەکە، رەنگە ببێتە سەرکەوتنێکی پڕوپاگەندەیی بۆ نەیارەکانی، بەڵام دەبێتە ئەوەی سەرۆک وەزیرانی بخاتە دۆخێکی قورس و بێزارکەرەوە.

بۆردومانەکەی سەرەتای ئەمساڵ کە بووە هۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، تا ئیستاش گەرمییەکەی سارد نەبووەتەوە لەلای هەندێک لە لێپرسراوە عێراقییەکان و گروپە چەکدارەکان.

لەو کاتەوەش سەرباری لێدوانی سەرکردەی هەندێک لە گروپەکان، بەڵام هەندێک لە سەرکردە دیارەکانی گروپە چەکدارەکان بێدەنگییان هەڵبژاردووە، چونکە ترسی ئەوەیان هەیە لەلایەن ئەمریکاوە بکرێنە ئامانج یان بخرێنە لیستی گەمارۆکانی واشنتۆنەوە.

لە ئێستاشدا هەڕەشەو لێدوانە توندەکانی ئەمریکا، ناکۆکی قوڵی خستووەتە نێوان ئەو گروپە چەکدارانەی کە بە نزیکی لە ئێرانەوە تۆمەتبار دەکرێن، چونکە هەندێکیان ترسیان هەیە بکەونە روبەڕوبوونەوەی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ئەمریکادا.

بەهێزترین بەڵگەش لێدوانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر بوو، کە داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی ئەمنی و سەربازیی و پەرلەمانی کرد، بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە موشەکیانەی کە کراونە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ئەو لێدوانە لەلایەن کازمی و چەند کەسایەتییەکی حکومییەوە پێشوازی گەرمی لیکرا، بەشێوەیەک تەنانەت حەشدی شەعبیش رەخنەی لەهێرشەکان  گرت و خۆی بێبەری کرد لەو هێرشانە.

لە نوێترین پێشهاتیشدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لەبەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لە دوو ڕۆژی داهاتوو زنجیرەیەک تاقیکردنەوە لەسەر  چەند ئامێرێکی ئاگادارکردنەوە دەکەن، تایبەت بە حاڵەت کتوپرەکان.

بۆ ئەو مەبەستەش هاوڵاتیان و دانیشتوانی دەوروبەری باڵیۆزخانەکە و ناوچەی سەوزی بەغدای ئاگادار کردووەتەوە کە بەهۆی ئەو ڕێوشوێنە نوێیانەوە داوای لێبوردن دەکات کە بۆ ماوەیەک بێزاریان بکات.



ڕیکلام