عێراق پەککەوتنی فڕۆکە F16 کانی بەدرۆ دەخاتەوە

  2020-09-27  | 
فڕۆکەیەکی جۆری f16 ی دروستکراوی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەلاحەدین
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری بەرگری عێراق ئەوڕاپۆرتانەی رەتکردەوە، کە باس لە پەککەوتنی پرۆگرامی فڕۆکە جەنگییە ئێف ١٦کانی عێراق دەکات.

جومعە عناد وەزیری بەرگری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتانە، ئەمڕۆ فەرمانیکردووە، بە یەک جار ١٩ فڕۆکەی ئێف ١٦ لە بنکەی ئاسمانی بەلەدەوە بەڕێ بخرێن و بفڕن بە ئاسمانی عێراقدا.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا عناد ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەواڵانە لە فەیسبوکەوە بڵاوبوونەتەوە و دوورن لە ڕاستییەوە، بۆیە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتانە ئەمڕۆ بەیەک جار ١٩ فڕۆکەیان هەڵفڕاندووە بەسەر ئاسمانی عێراقدا.

حکومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٠وە بڕی ٤ ملیار دۆلاری لە کڕینی فڕۆکەی ئێف ١٦ی ئەمریکیدا خەرجکردووە، بەڵام بەم دواییانە چەند ڕاپۆرتێک باسیان لەوە دەکرد، تیمی تەکنیکی عێراقی توانای بەگەرخستنی ئەو جۆرە فڕۆکانەیان نەماوە، دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا تیمی تەکینیکی ئەمریکی عێراقیان جێهێشت.

حکومەتی عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٥وە کە گەرمەی جەنگی دژی داعش بوو، ١٦ فڕۆکەی جۆری ئێف ١٦ی ئەمریکای وەرگرت، کە بە بەهێزترین فڕۆکەی جەنگی عێراق دادەنرێت لەدوای روخانی ڕژێمی سەدام حسینەوە.



ڕیکلام