حکومەتی هەرێم 260 ملیۆن دیناری بۆ خوێندنی کوردی لە کەرکوک خەرجکرد

  2020-09-27  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڕی ٢٦٠ ملیۆن دینار بۆ خوێندنی کوردی لە کەرکوک تەرخانکرا.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی ڕایگەیاند، بەفەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو بڕە پارەیە تەرخانکراوە، کە مەبەست لێی پیشتگیریکردنی خوێندنی کوردی و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندنە لەشاری کەرکوک.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "بەفەرمانی رێزدار مەسرور بارزانی ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بودجەیەک بە گوژمەی (۲٦۰)دووسەدو شەست ملیون دینار  بەمەبەستی پشتگیریکردنی خوێندنی کوردی لەکەرکوک و دابینکردنی پێداویستیەکانی قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لەکەرکوک خەرجکرا ، ئەمە وێڕای دابینکردنی پێداویستیەکانی پزیشکی و خۆپارێزی بۆسەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی کوردی لەپارێزگای کەرکوک" .

 ماوەی دوو ساڵە خوێندنیە کوردی لە شاری کەرکوک کێشەی بۆ دروست بووە، چونکە لەڕووی کارگێڕییەوە سەربە بەغدایە و لەڕووی سیستمی خوێندنەوە سەر بە هەرێمی کوردستانە.