وەزیری پەروەردەی هەرێم ڕایگەیاند سەرەڕای بایکۆتی مامۆستایان کەرتی پەروەردە لە سلێمانی لە گەشەکردندایە و وەڵامدەرەوەی قۆناغەکەیە.
ئالان حەمە سەعید لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ژیاندا ڕایگەیاند ئێمە تەقدیری رەوشی مامۆستایان دەکەین و ئەم دۆخە کاتییە و تێدەپەڕێت.
وتیشی دڵنیاین مامۆستایان لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتیەدان و لە هۆڵەکانی خوێندندان کاری خۆیان دەکەن.
وەزیری پەروەردە راشیگەیاند هەر ئەوە لە مامۆستایان چاوەڕێ دەکەین کە بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
وتیشی لە 10 ی مانگی داهاتوو خوێندنی ئەلیکترۆنی دەستپێدەکات بۆ قۆناغی 3 ی بنەڕەتی هەتا 11 ئامادەیی.
ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی یەکشەممە دەستپێکی خوێندنی خوێندکارانی پۆلی 12 دەستیپێکرد،بەڵام بەشێکی زۆری مامۆستایانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و قەزا و ناحیەکانیان بایکۆتی خوێندنیان کردوە وداوا دەکەن مانگانە لەکاتی خۆی موچەیان پێ بدرێت.