سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم تاوتوێی دۆخی کەرکوک دەکات

  2020-09-29  | 
خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ بەغدا
فۆتۆ : ئەرشیف
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
خالید شوانی ڕایگەیاند، سبەینێ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، تاوتوێی دۆخی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان دەکرێت.

خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ بەغدا لەهەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاند، بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەی سبەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تایبەتە به کەرکووک وناوچە جێناکۆکەکان ، بۆ ئەم مەبەستە و لەسەر راسپاردەی بڕیارێکی پێشووتری ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی تایبەت پڕۆژەیەکیان بۆ ئەم مەبەستە ئامادە کردووە .

ئاماژەی بەوەشکردووە، کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر  و دانشتووانەکەی رووبەڕووی قۆناغێکی دژوار بوونەتەوە و سیاسەتی تەعریب لە ناوچانە جێبەجێ ئەکرێت، رێگریگرتن لە تەعریب وپاراستنی مافی کوردستانیانی ئەم ناوچانە ئەرکێکی نەتەوەی ونیشتمانیە .

ئەوەش لە کاتێکدایە لەماوەی ڕابردوودا لە لایەن عەرەبە هاوردەکانەوە هەڵمەتێکی فراوان بۆ دەستبەسەراگرتنی زەوی کشتوکاڵی دانیشتیوانی کوردی پارێزگای کەرکوک و دەوروبەری ئەنجام درا و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی پەیڕەکردنی ئەو سیاسەتەی کرد، کە بەبەر چاوی لێپرسراوی ئیداری شاری کەرکوکەوە بەڕێوەدەچێت، بێ ئەوەی هیچ هەڵوێستێکیان هەبێت.



ڕیکلام