لە هەولێر بازرگانێکی مادەی هۆشبەر دەستگیرکرا

  2020-09-30  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتی مادە هۆشبەرەکان ڕایگەیاند، لەلایەن هێزێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە توانراوە بازرگانێکی مادەی هۆشبەر بە هەندێک مادەی هۆشبەرو بڕێک پارەوە دەستگیر کراوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتییەکە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان، کەسێکی بەرەگەز ئێرانیان  بەبڕێک مادەی هۆشبەرەکانی جۆرەکانی (هیرۆین، حەشیش، کریستاڵ، جامایکا) لەگەڵ ١٢ پارچە حەبی هۆشبەری سۆمادریل و ئێکس دەستگیرکردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر ئەو کەسە بری ( ۲۹٦٠٠٠٠ ) دوو ملێۆن و نۆسەد و شەست هەزار دیناری ساختەی عێراقی و ۱٠٠ دۆلاری ئەمریکی ساختە، لەگەڵ بڕێکی تر لە پارەی چاپی کۆنی عێراقی، هەروەها کۆمپیوتەر و ئامێرێکی پرێنتەر کە پارە ساختەکەی پێ چاپ کردووە، لەگەڵ چەند چەقۆیەک و چەند پایپێك و هەندێك کەرەستەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری پێشگیراوە.

ئەوە لەکاتێکدایە، دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت یەکەکانی روبەڕوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، تا ئیستا چەند جارێک هۆشداریان داوە لە بڵاوبوونەوە و بازرگانیکردنە بە مادە هۆشبەرەکانەوە، بەشێوەیەک خەریکە دەبێتە دیاردە لە هەرێمی کوردستان و بە دەیان کەس لەسەر کێشان و بازرگانیکردن بە مادەهۆشبەرەکانەوە لە زیندانەکانی هەرێمدان.



ڕیکلام