هیندستان.. کچێک پێنج ڕۆژە بووە بەژێر کێوێک لە خاشاکەوە

  2020-09-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تیمەکانی فریاکەوتن لە هیندستان بێهێوابوون لە دۆزینەوەی منداڵێکی کچ، کە بووە بەژێر کۆمەڵێک لە خۆڵ و خاشاکی فڕێدراوەوە.

ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێس ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، ئەندامانی تیمەکانی فریاکەوتن ماوەی ٥ ڕۆژە وێڵن بەدوای منداڵێکی کچی تەمەن ١٢ ساڵدا، کە لە شوێنی فڕێدانی خاشاک لە شاری ئەحمەد ئابادی خۆرئاوای ئەو وڵاتە بووە بەژێر خۆڵ و خاشاکەوە.

ئەو کچە ناوی (نەهیا فاسافا)یە و لەژێر کێوێک لە خۆڵ و خاشاکادا، کە بەرزییەکەی ٢٥ بۆ ٣٠ مەترسەرقاڵی دۆزینەوەی پلاستیک و کانزا بووە و لەناکاو بەسەریدا روخاوە.

تیمەکانی فریاکەوتن لە گەڕانەکانیان بەشوێن ئەو کچەدا ناچاربوون سەگی ڕاهێنراو بەکار بهێنن بەهیوای دۆزینەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوچەکە بارانی لێ دەبارێت، وەک لێپرسراوی ئەو تیمە فریاگوزارییەی بەشوێن کچە ١٢ ساڵانەکەدا دەگەڕێت دەڵێت، ئەگەرەکان بۆ دۆزینەوەی بە زیندوویی زۆر لاوازە.

نزیکەی ٤ هەزار هاوڵاتی هیندی لەو شارە، کە ژمارەیەکی زۆریان منداڵن لە بارودۆخێکی مەترسیداردا لەشوێنی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، دەگەڕێن بەشوێن پلاستیک و کانزاکان بە مەبەستی فڕۆشتنەوەی.

شاری ئەحمەد ئاباد کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٥ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەسە، ناوچەیەکی فراوانی سەدان دۆنمی لێکراوە بە شوێنی فڕێدانی خاشاک، کە ڕۆژانە نزیکەی ٣٥٠٠ تۆن خۆڵ و خاشاکی لێ فڕێدەدرێت و سەدان خێزان بۆ دەستکەوتی قوتی ڕۆژانەیان ناچارن لە دۆخێکی تەندروستی و مەتریدا بەشوێن پاروە نانێکدا بگەڕێن.

بە گوێرەی ڕێکخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ، نزیکەی ٤١ ملیۆن منداڵ، کە زۆربەیان تەمەنیان نەگەیشتووەتە ١٢ ساڵان، ناچارن لە ناوچەی باشوری ئاسیا ڕۆژانە  کار بکەن.



ڕیکلام