ئۆپراسیۆنەکانی عێراق : ئەنجامدەرانی هێرشە موشەکییەکەی هەولێر دەستگیرکران

  2020-10-01  | 
ئێوارەی دوێنێ شەش موشەک بە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هاوێژران
ئەرشیڤ
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشە موشەکییەی سەر پارێزگای هەولێری راگەیاند .

تەحسین خەفافجی، وتەبێژی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند , ژمارەیەک کەسیان دەستگیرکردووە کە بەرپرس بوون لە هێرشەکانی سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکانی بەغدا و هەروەها فڕۆکەخانەی هەولێر، ئێستاش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

وتیشی، "ناتوانم وردەکاری دەستگیرکردنەکان بخەمەڕو، بەڵام دواتر ناوی ئەو لایەنە ئاشکرا دەکرێت کە لە پشت هێرشەکانەوە بووە".

وتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دوپاتیشیکردەوە کە ئامادەن بۆ بەکارهێنانی هێز دژ بە هەر کەسێک کە ناوەندە دیپلۆماسییەکان بکاتە ئامانج و رێگە بە تێکدانی ئاسایشی عێراق نادەن.

ئێوارەی دوێنێ لە سنوری (برگلە) کە لەلایەن حەشدی شەعبی لەسنوری پارێزگای نەینەوا بەڕێوەدەبردرێت، شەش موشەک بەئاڕاستەی بارەگایەکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هاوێژران، روداوەکەش زیانی گیانی لێنەکەوتەوە.

دواتر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هێرشەکەی کرد و داواشی لە حکومەتی عێراق کرد، رێکاری پێویست بگرێتەبەر و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بکات.