ئەو جوتیارە کوردەی لە هەلیکۆپتەرێکی تورکیاوە فڕێدرایە خوارەوە گیانی لەدەستدا

  2020-10-01  | 
باکووری کوردستان
ئەو جوتیارە کوردەی لە هەلیکۆپتەرێکی تورکیاوە فڕێدرایە خوارەوە گیانی لەدەستدا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەو جوتیارە کوردەی چەند هەفتە پێش ئێستا لە شاری وانی باکوری کوردستان لە هەلیکۆپتەرێکی تورکیاوە، فڕێدرایە خوارەوە گیانی لەدەستدا.

١١ی ئەیلولی ڕابردوو میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، دوو هاوڵاتی شاری وان بەناوەکانی عوسمان شیبان و سێرڤێت تورگول لە ئۆپراسیۆنێکی سوپای تورکیا لەناوچەی چاتاک دەستگیرکراون و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بێسەروشوێن بوون.

عوسمان و سێرڤێت دوای ئەوەی لەلایەن سەربازەکانەوە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی وان، خراونەتە ژێر چاودێری وردی پزیشکییەوە و دواتر دەرکەوت کە عوسمان تووشی لەبیرچوونەوە و خوێنبەروون بووە لەسەری و چاوەکانی سورهەڵگەڕاون و پڕبوون لە خوێن .

بەپێی ڕاپۆرتی نەخۆشخانە عوسمان شیبان و سێرڤێت تورگول لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هێرشیان کراوەتە سەر و لە بەرزاییەکی زۆرەوە کەوتوونەتە خوارەوە .

بەڵام موراد ساریساش پەرلەمانتاری هەدەپە لەسەر شاری وان ئاشکرایکرد، بەوتەی چەند شایەتحاڵێک ئەو دوو هاوڵاتییە لە هەلیکۆپتەرەوە فڕێدراونەتە خوارەوە .

ئەو پەرلەمانتارە ڕایگەیاند، خانەوادەی عوسمان شیبان لە نەخۆشخانە پێیانوتووە کە ئەو دوو هاوڵاتییە لەکاتێکدا لەکێڵگەکەیان کاریانکردووە، لەلایەن سەربازەکانەوە پەلاماردراون و دواتر خراونەتە ناو هەلیکۆپتەرێکەوە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بێسەروشوێن بوون.

دەنگی ئەمریکا لە زاری بنەماڵەی سێرڤێت تورگول کە 19 ڕۆژ بوو لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ دەکرا، بڵاویکردەوە کە ناوبراو گیانی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەرمی تورگوت سەرەتا براوەتە پزیشکی دادوەری وان و پاش پشکنینی توێکاری لە شارۆچکەی ئەدرەمیت بەخاک سپێردراوە.



ڕیکلام