دانیشتوانی دوو گوندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناچارکران شوێنەکانیان جێبهێڵن

  2020-10-01  | 
ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دانیشتوانی دوو گوندی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناچارکران شوێنەکانیان جێبهێڵن
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پاسەوانی سنوریی ئێران دانیشتوانی دوو گوندی سەر بە شاری سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناچارکرد، شوێنەکانیان جێبهێڵن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمەڵگای مافی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١ی١٠ی٢٠٢٠، هێزی پاسەوانی سنوریی ئێران دانیشتوانی دوو گوندی سنوریی لە شاری سەردەشت ناچارکردووە کە گوندەکانی خۆیان چۆڵ بکەن و ناوچەکەیان جێبهێڵن.

ئەگەرچی لە راپۆرتەکەدا ناوی ئەو دوو گوندە ئاشکرا نەکراوە بەڵام ئاماژە بەوەکراوە کە ئەو دوو گوندە لەو شەش گوندانەن کە ئێران داوایکردووە چۆڵ بکرێن.

بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵگای مافی مرۆڤی کوردستان، ئەو شەش گوندە بریتین لە هەرزنێ، ئەشکانی خواروو، تیتی خواروو، گاکە، بەردان و گوڕەشێرە.

لای خۆشیەوە رەسوڵ خزری نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە، "دانیشتوانی ئەو گوندانە پەیوەندیمان پێوەدەکەن و دەگرین و دەڵێن، کە هیچ شوێنێکی دیکەیان نییە بۆی بڕۆن".

پێشتر کۆمەڵگای مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردبووەوە کە پاسەوانی سنوریی ئێران دانیشتوانی شەش گوندی شاری سەردەشتی سەر بە پارێزگای ورمێ-ی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی کە دەبێت گوندەکانیان چۆڵ بکەن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ئەو گوندانە بە ناوچەی سوری مەرزی لە قەڵەمدەدرێن و دەبێت چۆڵ بکرێن.

کۆمەڵگای مافی مرۆڤی کوردستان داواشی لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و حزب و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، پشتیوانی لە دانیشتوانی ئەو گوندانە بکەن و حکومەتی ئێران ناچار بکەن لەو بڕیارە پاشگەزبێتەوە.



ڕیکلام