بەڕێوەبەری تەندروستی زاخۆ دەنگۆی بایکۆتکردنی کارمەندانی سەنتەری کۆرۆنا لە زانکۆی زاخۆی ڕەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو ھەواڵە دوورە لە راستییەوە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا د.شاکر عەبدوڵڕەحمان بەڕێوەبەری تەندروستی زاخۆ بە تۆڕی ھەواڵی ژیان-ی ڕاگەیاند، بەهەموو شێوەیەک ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە ئاماژە بە بایکۆتکردنی کارمەندانی سەنتەری کۆڕونا لە زانکوی زاخۆ دەکەن.
وتیشی، ئەو دەنگۆیە دوورە لە ڕاستییەوە و لە ئێستادا کارمەندانی سەنتەری کۆڕونا لە زانکوی زاخۆ بەردەوامن لە ئەرکەکانیان و خۆبەخشانە کاردەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، داوایان لە وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دھۆک کردووە، ئەو کارمەندانە کە خوبەخشن، گرێبەستیان لەگەڵدا بکرێت و مانگانە بڕە پارەیەکیان بۆ دابینبکرێت.
دوای زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و لە پارێزگای دهۆک بەتایبەتی، تەندروستی زاخۆ دوو سەنتەری تایبەت بە چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنای لە سنوری قەزاکە کردەوە.