بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەکان هێزە ئەمنییەکانی عێراق خراونەتە ئامادەباشییەوە

  2020-10-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای ئەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و نوێنەرایەتیەکانی عێراق کرانە ئامانجی موشەکەکانی کاتیۆشا، لە ئێستادا کاری هەرە لە پێشینەی عێراق ڕازیکردنی ئەمریکایە، کە باڵیۆزخانەکەی دانەخات.

لەچوارچێوەی هەوڵەکانیش بۆ هێمنکردنەوەی دیپلۆماتی، فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق، بە مایک پۆمپیۆ هاوتا ئەمریکییەکەی ڕاگەیاندووە، حکومەتی عێراق زنجیرەیەک رێوشوێنی ئەمنی و سیاسی و دیپلۆماتی و رێکخستنی گرتووەتە بەر، بۆ وەستاندنی هێرشەکان بۆسەر ناوچەی سەوز و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.

چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری عێراق بە "حوڕە"ی ئەمریکایان ڕاگەیاندووە، لەسەر هەموو ئاستەکان لە دیارترینیان دەزگاکانی ئاسایش و هەواڵگری سەربازیی، خراونەتە ئامادەباشییەوە بە تایبەت دوای ئەوەی بە ژمارەی زیاتر لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا و فڕۆکەخانەی بەغدا بڵاوکرانەوە، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت کە چیتر هێرشی ناکرێتە سەر.

چەند سەرچاوەیەکی دیکە ئاشکرایانکردووە، فیرقەیەکی سەربازیی تایبەت تەرخانکراوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەی سەرۆکایەتی لە بەغدا.

لەسەروبەندی بڵابوونەوەی دەنگۆی ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەنیازە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لەبەغدا دابخات، دەستبەجێ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەو هێزە و فەرماندەکەشی دەستبەسەرکرد، کە موشەکەکان لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتییەوە ئاراستەی فڕۆکەخانی بەغدا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا کرابوون، دواتریش هەڕەشەی ئەوەی کرد، ڕێوشوێنی هاوشێوە لەسەرجەم ناوچەکانی دیکە دەگرێتە بەر، ئەگەر هەر پێشێلکارییەکی ئەمنییان تیا ڕووبدات.

لە لایەکی ترەوە ماجید سامەڕائی نوسەر و سیاسەتمەداری عێراقی بە حورەی ڕاگەیاندووە، عێراق توانای پارێزگاریکردن لە باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکای هەیە، بە تایبەت ئەگەر بتوانێت میلیشیاکان ڕێکبخاتەوە و هەموو توانا سیاسی و سەربازییەکانیان لێ داماڵێت، ئەو ئەرکانەش لەچوارچێوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە، ئەگەر جورئەتی ئەوەی هەبێت، لەلایەن جەماوەرەوە پشتیوانییەکی گەورەی لێ دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کازمی هیچ کاتی لەبەردەستدا نییە بۆ مانۆڕکردن لەگەڵ میلیشیا و گروپە چەکدارەکاندا، چونکە هیچ بوارێک نەماوەتەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی نەرم  لەگەڵ ئەو گروپانەی نزیک لە ئێران کە کاری تێکدەرانە ئەنجام دەدەن، بۆیە دەبێت ڕێوشوێنی بە پەلە بگیرێتە بەر، پێش ئەوەی واشنتۆن بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەکەی بدات لە بەغدا، کە دوای ئەوەش زۆربەی زۆری باڵیۆزخانەی وڵاتانی ئەوروپا دادەخرێت، ئەو کاتەش عێراق لەڕووی ئەمنی و ئابورییەوە هەرەس دەهێنێت.



ڕیکلام