بەریتانیا وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی قورس دەکات

  2020-10-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری ناوخۆیی بەریتانیا بەڵێنی دا پێداچوونەوە بکات بە یاسای کۆچ و پەنابەری و سیستمێکی بەهێزتر لەوەی ئێستا جیبەجێ بکەن.

بریتی باتیل وەزیری ناوخۆیی بەریتانیا بەڵێنیدا ، یاسایەکی نوێ پێشکەش بکەن، کە سیستمی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی قورستر بکات، وەک گەورەترین گۆڕانکاریی لەو یاسایەی ئێستا کە چەند دەیەیەکە دەستکاری نەکراوە.

باتیل لە وتەیەکدا لەبەردەم گۆنگرەی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتداری وڵاتەکەی، کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە پێشکەش کرا  وتی "یاسای مافی پەنابەرێتی کەمووکوڕییەکی زۆری تێدایە".

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وەزیری ناوخۆیی بەریتانیا وتیشی "ساڵی داهاتووە سیستم و یاساییەکی نوێی توند و دادپەوەر پێشکەش دەکەم".

ئەو وتانەی وەزیری ناوخۆیی بەریتانیا لەکاتێکدایە، ساڵانە بە دەیان هەزار کەس لەو وڵاتە داوای مافی پەنابەرێتی پێشکەش دەکەن، بەڵام بەشێکی کەمیان ئەو مافە وەردەگرن.

بەدەرچوونی لە ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا بە نیازە گۆڕانکاری لە هەندێک لە یاسا و ڕێساکانی ناوخۆیی وڵاتەکەیدا بکات، کە لەوەبەر بەهۆی پابەندبوونی بە یاساکانی ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپاوە نەیتوانیووە دەستیان بۆ بەرێت.



ڕیکلام