پۆمپیۆ: کۆشکی سپی ئامادەی هەموو سیناریۆیەکە

  2020-10-05  | 
فۆتۆ: ئەی ئێف پی
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیدارەی ئەمریکا ئامادەیە بۆ هەر پێشهاتێکی تایبەت بە نەخۆشی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و هەر کردەیەکی دوژمنکارانە لە هەر وڵاتێکی بیانییەوە بێت.

پۆمپیۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند "ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆ هەموو سیناریۆیەک کە ڕووبدات".

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو ترەمپ کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆی لەنەخۆشخانەوە لەگەڵ لێپرسراوەکانی ئیدارەکەی و ژمارەیەک لە پسپۆڕانی ئاسایشیی نەتەوەیی ئەنجامداوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ ترەمپ لەکەڵ تەواوی تیمی ئاسایشی نەتەوەیی قسەی کردووە.

سەبارەت بەو پرسیارەیەش کە ئایا وڵاتێکی بیانی دەتوانێت نەخۆشکەوتنی ترەمپ بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری بهێنێت؟ پۆمپیۆ وتی "تیمەکەی بە تەواوی ئامادەیە، دەزانین لایەنی دوژمنکار هەیە لە جیهاندا، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تەواوی لە ئامادەباشیدایە".

ئەو لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، پزیشکانی سەرپەرشتیاری تەندروستی سەرۆکی ئەمریکا ڕایانگەیاند، چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ دووشەممە دۆناڵد ترەمپ لە نەخۆشخانە دەرچێت و بچێتەوە کۆشکی سپی، بەڵام چارەسەرەکان بەردەوام دەبن.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و میلانیای هاوسەری تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و بۆ چارەسەرکردن برانە نەخۆشخانەی واڵتەر ڕید سەربازی.

دوای تووشبوونی ترەمپ و هاوسەرەکەی، هۆب هیکس یاریدەدەری سەرۆکی ئەمریکا و کیلیان کونوای ڕاوێژکاری پێشووی ترەمپ و سێ ئەندامی کۆمارییەکانی لە ئەنجومەنی پیران، رونا مکدانیل سەرۆکی لیژنەی نیشتیمانی کۆمارین ولیام ستیبین بەڕێوەبەری هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ترەمپ، نیک لونا یاریدەدەری تایبەتی ترەمپ و سێ ڕۆژنامەنووسی کۆشکی سپی، تا ئیستا تووشی کۆرۆنا بوون.



ڕیکلام