لە میسر 59 تەرمی مۆمیاکراو دۆزرانەوە کە هی شازادە و کەسایەتییە ئاینییەکانی دوو هەزار و 500 ساڵ لەمەوبەرن .
مێژووناسانی میسر رایانگەیاندوە، تەرمەكانیان لەژێر زەویدا دۆزیوەتەوە كە لەناو كفنی تەختەدا بون و ژمارەیان 59 تەرم بووە، سەرجەم تەرمەكانیش ئەو پۆشاكانەیان لەبەردا بووە كە لەوكاتەدا تایبەت بووە بە مردوان و بە هێمای نوسینی میسریی كۆن لەسەریان نوسراوە .
ئاشکراشیانکردووە، دوای ئەوەی بە تێكەڵەیەكی كیمیایی مێشكی تەرمەكان توێنراونەتەوە، لەرێگەی ئامێرێكی ئاسنی چەماوەوە مێشكیان لە لوتیانەوە هێنراوەتە دەرەوە.
ئەو 59 تەرمە مۆمیاكراوە لە ژێر زەویی باكوری قاهیرە لە سەقەرە دۆزراوەتەوە و یەكەمین كفنیش سێ هەفتە لەمەوبەر دۆزرایەوە.
لەوبارەیەشەوە موستەفا ئەلوەزیری، سکرتێری گشتی ئەنجوومەنی باڵای ئەنتیکەکانی میسر رایگەیاند، لە ساڵی 2018ـەوە ئەم ئۆپەراسیۆنە دەستیپێکردووە و لە ماوەکانی رابردووش چەند ئاژەڵی مۆمیاکراومان دۆزیوەتەوە .
وتیشی، "59 تابووتی نوێمان دۆزیووەتەوە کە بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی تێیاندا، زۆر بەباشی ماونەتەوە" .
ئەوەشی خستەڕوو، تەواوی ئەو دۆزینەوە نوێیانە لە مۆزەخانەی گەورەی میسر لە چەند مانگی داهاتوودا نمایش دەکرێن .
ڕێکخراوی یونسکۆش، لە مانگی هەشتی ئەمساڵ، گۆڕێکی 10 مەتری دۆزییەوە کە دەیان پەیکەری “خواوەندی مەرگ” (سۆکار) تێدابوو.