کەرکوک.. لە هێرشێکی داعشدا دوو پۆلیس کوژران

  2020-10-05  | 
کەرکوک
لە هێرشێکی داعشدا لە باشوری ڕۆژئاوای کەرکوک دوو پۆلیس کوژران
ئەرشیڤ
 سۆران عەبدولکەریم
لە سنوری قەزای حەویجە لە باشوری ڕۆژئاوای کەرکوک چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی و لە ئاکامدا دوو پۆلیس کوژران.

ئەحمەد خورشید وتەبێژی هێزەکانی لیوای ٥٦ی هێزی حەشدی عەشایری لە سنوری قەزای حەویجە بە تۆڕی هەواڵی ژیان-ی ڕاگەیاند، ئەمشەو ژمارەیەک چەکداری داعش دەستڕێژی گوللەیان لە خاڵێکی هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی کردووە لەناوچەی نەگارە لە قەزای حەویجە.

ئاماژەی بەوەشکرد،  بەهۆی هێرشەکەوە دوو پۆلیس کوژراون و چواری دیکەش بە سەختی برینداربوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەی حەویجە کراون.

ئەوەشی خستەڕوو، شەڕەکە نزیکەی نیو کاتژمێری خایاندووە، وتیشی  یەکێک لە بریندارەکان ئەفسەرە بە پلەی ڕائید.

وتەبێژی هێزەکانی لیوای ٥٦ی هێزی حەشدی عەشایری لە سنوری قەزای حەویجە ڕاشیگەیاند، پاش هێرشەکە چەکدارانی داعش بۆ شوێنێکی نادیارکشاونەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیاریەک لەبارەی زەرەر و زیانی داعش لەبەردەستدا نیە و هێزی زیاتر هێنراوەتە سنورەکە.



ڕیکلام