تەندروستی سلێمانی: تووشبوانی کۆرۆنا لەو ژمارەیە زیاترە کە ڕادەگەیەنرێت

  2020-10-06  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
یاد نەقشبەندی وتەبێژی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، گیانلەدەستدانی ٤٠ کەس لە شاری سلێمانی بە کۆرۆنا زەنگێکی مەترسیدارە و پێویستە هاوڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکان بن و خۆپارێزی پەیڕەو بکەن.

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی تەندروستی و کۆرۆنا بە تەنها لە شاری سلێمانی وا نییە، بەڵکو لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان و ناوچەکەش لە هەڵکشانێکی بەردەوامدایە.

یاد نەقشبەندی ڕوونیکردەوە، هۆکاری سەرەکی تووشبوونی ئەو ژمارە زۆرە، دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی هاوڵاتیان بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و پابەندنەبوونی ئەو کەسانەی کە تووشبوون و لەناو خەڵکدا دەسوڕێنەوە و لەسەرەتاوە نیشانەکان لەسەریان سوکە و دواتر لەسەریان توند دەبێت و وا دەکات نەخۆشخانەکان پڕ بن لە تووشبوان.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وتەبێژی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەگەر پێشتر ڕۆژانە ژمارەیەکی کەم داخڵی نەخۆشخانە بووبن، بەڵام ئێستا لە کۆی ١٠٠ تووشبوو نزیکەی ٤٠ کەس داخڵی نەخۆشخانە دەبن.

هۆکارێکی دیکەی تەشەنەکردنی پەتاکە دەگەڕێتەوە بۆ ئاسایی بوونەوەی تەواوی ژیان، بەشێوەیەک وەک ئەوە وایە کە پەتای کۆرۆنا بوونی نەبێت، جگە لەوەش لە وەرزی پایزدا پەتای وەرزی دیکەش بڵاو دەبنەوە، کە نیشانەکانی هاوشێوەی نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، ئەمەش ئەستەمە بۆ هاوڵاتی کە نیشانەکانی جیابکاتەوە یان گوێی ناداتێ و وا دەکات کۆرۆنا زیاتر تەشەنە بکات.

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی جەختیکردەوە، ئەوەی جێگەی نیگەرانی ئەوانە ئەوەیە، کە لە ماوەی ڕابردوودا لە شاری سلێمانی گەیشتە ئاستێک ژمارەی تووشبوون زۆر کەمبۆوە و نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا چۆڵ بوون، بەڵام لە ئێستادا ژمارەی گیانلەدەستدانەکان زۆرە و نەخۆشخانەکان پڕ بوون.

وتیشی ئەوەی زۆر جێگەی نیگەرانییە و  بەڕاشکاوی دەیڵێم، ژمارەی تووشبوون لەو ئامارە زیاترە کە بڵاودەکرێتەوە، چونکە ئەوەی ئاشکرا دەکرێت، هی ئەو کەسانەیە کە لە داخڵی نەخۆشخانەکراون، بۆیە دەبێت ڕێوشوێنەکان توندتر بکرێتەوە و هاوڵاتیانیش زیاتر پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی بن.

ئەو وتانەی وتەبێژی تەندروستی سلێمانی لەکاتێکدایە، بەگوێرەی داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، تا ئێستا لەشاری سلێمانی ١٦هەزار و ٨٤٢ کەس تووشی کۆرۆنا بوون و ١٠ هەزار و٤٨٩ کەسیش چاکبوونەتەوە و ٩٥٣ کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.



ڕیکلام