عێراق ئاماری 24 کاتژمێری ڕابردووی تووشبوون بە کۆرۆنای بڵاوکردەوە

  2020-10-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٤١٢٧ کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و ٦٧ کەسیش گیانیان لەدەستدا.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ ٤٢١٣ کەسی دیکە لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، ئەوە چوارەمین ڕۆژە ژمارەی چاکبوونەوە لە تووشبوون زیاترە لە عێراقدا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئیستادا ڕێژەی چاکبوونەوە لە کۆرۆنا بەرزبووەتەوە بۆ ٨١.٧% ی تووشبوان.

لەوەتەی کۆرۆنا لە عێراقدا تەشەنەی کردووە، ٣٨٧ هەزار و ١٢١ کەس تووشی پەتاکە بوون و لەو ژمارەیەش ٣١٦ هەزار و ٣٧١ کەس چاکبوونەتەوە.

ژمارەی گیانلەدەستدانەکان لە عێراق گەیشتووەتە ٩٥٣١ کەس.



ڕیکلام