عەلی باپیر بۆ کازمی: ئەو پارەیەی بۆ موچە دەینێرن بەزوویی ڕەوانەی بکەن

  2020-10-06  | 
بەغدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، ئەو پارەیەی کە وەک موچە بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرن، بە زوویی ڕەوانەی بکەن بەجۆرێک هیچ بارودۆخ و ململانێیەکی سیاسیی نەبێتە هۆی دواکەوتن یان ڕاگرتنی .

ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە ٦ ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و شاندی یاوەری سەردانی مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کرد .

لە دیدارەکەدا ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بە سەرۆک وەزیرانی عێراقی ڕاگەیاند، "بەڕاستی ئەرکێکی سەخت و قورس و لە قۆناغێکی دژواردا کەوتۆتە سەرشانتان و هیوادارین خوای گەورە سەرکەوتوت بکات بەجۆرێک خزمەتی گەلانی عێراق بکەیت بەبێ جیاوازیی " .

وتیشی "ئێمە لە کۆمەڵی ئیسلامیی خوازیاری پەیوەندییەکی زۆر باشی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵین و بۆئەم مەبەستەش هەرچی بە ئێمە بکرێت ئامادەین وەک ئەرکی سەرشانمان جێبەجێی بکەین " .

هەر لە کۆبوونەوەکەدا عەلی باپیر ئاماژەی بە خراپی دۆخی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، "فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئێستا دۆخیان زۆر خراپە، نە موچەکانیان بە تەواوی پێدەدرێت نە لە کاتی خۆشیدا وەریدەگرن، بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەین ئەو پارەیەی بۆ موچە دەینێرن بە زوویی ڕەوانەی بکەن بەجۆرێک هیچ بارودۆخ و ململانێیەکی سیاسیی نەبێتە هۆی دواکەوتن یان ڕاگرتنی " .

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان، شاندی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان باسیان لە خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیارانیان کرد کە بڕەکەی ٥٧٦ ملیار دینارە .

لەوبارەیەوە عەبدولستار مەجید ئەندامی شاندی کۆمەڵ و سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری پەرلەمانی کوردستان داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد ئەو پارەیە بۆ جوتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات .

لایخۆشیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ خەرجکردنی ئەو پارەیە بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ دەربڕی، هەروەک ئامادەیی خۆی نیشاندا کە لە ڕۆژانی داهاتوودا پێشوازی لە لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان بکات .



ڕیکلام