بنەماڵەی هێرش سەنگەری داوای دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان دەکەن

  2020-10-06  | 
گەرمیان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بنەماڵەی ڕۆژنامەوان هێرش سەنگەری کە ئەمڕۆ بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا، داوای دەستلەکار کێشانەوەی بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان و هەڕەشەی داخستنی ژوورەکەی لێدەکەن.

بنەماڵەی لالەحەمە سەنگەری لە پەیامێکدا بڵاویانکردووەتەوە، "بەداخەوە ئەمڕۆ جوانەمەرگەی کوڕمان لەتەمەنی٣٧ ساڵیدا بەجێیهێشتین و بۆئەبەد کەلار و گەرمیانی چۆڵکرد و ئەم کۆچەی هێرش بۆ ئێمەی کەسوکار کەمەرشکێن و بەئازارە".

ئاماژەیان بەوەشکردووە، "بەپێویستی دەزانین بەڕوون و ڕەوانی قسەی خۆمان لەسەر کەمتەرخەمییەکانی سێکتەری تەندروستی بنووسین و مەرجی خۆشمان بخەینەڕوو، خۆئەگەر مەرجەکانمان قەبوڵ نەکرێت ئەوا ڕێگا نادەین ئەو کابرایە لەسلێمانییەوە بێتە گەرمیانی لانکەی ئەنفال و شەهیدان و قوربانیدان و باکی بە لەناوبردنی ژیانی خەڵکەکەی نەبێت و خەڵکی بەشمەینەتی ئەم ناوچەیە بەبەرچاویانەوە ڕۆڵەکانیان ببنە قوربانی بەڕێوەبردن و بڕیاری سەقەتی بەرپرسانی ئەو سێکتەرە" .

دەشڵێن، "لەبەرواری ١٠ی ٦ی ٢٠٢٠ باوکمان کۆچی دوایی کرد، ئەفسووس لەکۆتا ساتەکانی ژیانیدا هانامان بردە بەر نەخۆشخانەی کەلار، کەچی لەو کاتەدا ئامادەیی ئەوەمان نەبینی بوتڵێکی ئوکسجین بنێرنە ماڵەوەبۆی، ئاخری تا بوتڵەکەمان بە هەزار تەکلیف گەیاند باوکمان وەفاتیکرد".

دووپاتیشیانکردووتەوە، "بەداخەوە ئەمڕۆ ٦ی١٠ هێرشی کوڕمان بەهەمان تراژیدیا دڵەگەورەکەی لەلێدان کەوت، جێی باسە ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە دوای ئەوەی دوو جار پەیوەندیمان بە د. سیروان بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیانەوە کرد، بەڵام تەلەفۆنەکەی لێ هەڵنەگرتین، پاشان ٥ی ئەم مانگە واتە ٣ ڕۆژدوای ئەو بەروارە جارێکیتر پەیوەندیمان پێوەکرد و تەلەفۆنەکەی هەڵگرت و پێمان ڕاگەیاند کە ئیمە کوڕی لالەحەمە سەنگەرین، هێرشی برامان تەنگە نەفەسە و پێویستمان بە ئۆکسجین و ئەمبوڵانسە، کەچی ناوبراو بە دوو دێڕ وەڵامی داینەوە بەم جۆرە:

"من نە ئۆکسجین ئەدەم وە نەکەس ئەنێرم بۆ ماڵەوە بەمەبەستی چارەسەری نەخۆشەکەتان و نە ئامبولانسیشتان پێئەدەم بۆ گواستنەوەی نەخۆشەکەتان بۆ سلێمانی".

لەکۆتایی پەیامەکەیاندا بنەماڵەی لالەحەمە سەنگەری ڕایانگەیاندووە، "داوادەکەین ئەو بێحورمەتییەی بەرامبەرهاوڵاتیانی گەرمیان وکەسوکاری قوربانیان و پێشمەرگە دێرینەکان ڕابگیرێت، گەرنا بەهیچ شێوەیەک قەبوڵی ناکەین خەڵکانێک ماڵی حکومەت بە میزاج بەکاربێنن بۆ نیاز و مەرامی شەخسی".

دەشڵێن، "تکایە لەماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا با سیروان دەست لەکاربکێشێتەوە و بڕواتەوە بۆ شارەکەی خۆی، یان وەکو وتمان ڕێگانادەین بچێتە سەرکارەکەی و دەرگای ژوورەکەی لێدادەخەین".

دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی١٠ی٢٠٢٠، ڕۆژنامەوان هێرش محەمەد ناسراو بە هێرش سەنگەری گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی لە گۆڕستانى بەرلوت لە شاری کەلار بەخاک سپێردرا.



ڕیکلام