ئەڵمانیا گەورەترین نەخۆشخانەی کۆرۆنا لەسلێمانی دروست دەکات

  2020-10-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەورەترین نەخۆشخانەی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی دروست دەکرێت بە کۆمەکی وڵاتی ئەڵمانیا .

سامان بەرزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی هەرێم لە نوسینێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسیویه‌تی: "ئه‌مڕۆ زۆرترین ژمارەی تووشبوون لە هەولێر تۆمار کراوە و زۆرترین ژمارەی مردنیش لە سلێمانی، ڤایرۆسی کۆۆنا هیچ شوێن و سنوور و جیاوازیەک نازانێت ".

وه‌زیری ته‌ندروستی ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو دەرمان و پێداویستییەکی پزیشکی کە لە وەزارەتی تەندروستی عێراقه‌وه‌ بۆ هەرێمی كوردستان دابینبکرێت راستەوخۆ لەلایەن دەزگای (کیمادیا)ی عێراق بەپێی پێوەرەکان بۆ پارێزگاکان دابەش دەکرێت و راستەوخۆ بۆ کۆگاکانی پێداویستیەکانی پارێزگاکان رەوانه‌ دەکرێت .

وەزیری تەندروستی ڕوونیشیکردووەتەوە، وەزارەتی دارایی بوودجە و خەرجییەکانی فریاگوزاری کۆرۆنای لەسەر بنەما و پێوەر و رێژە جێگیرەکانی دارایی دابەشکردووە بۆ  سلێمانی 43%، هەولێر 34%، دهۆک 23%.

دەربارەی هۆکارەکانی زیاتر بڵابوونەوەی کۆرۆناش، وه‌زیری ته‌ندروستی جەختیکردووەتەوە "لێدوانی هەڵە و سەر لێشێواندنی هاووڵاتیان و دژایەتیکردنی رێکار و رێنماییەکان و رەتکردنەوەی بوونی کۆرۆنا هۆکارێکی سەرەکی بەرزبوونەوەی رێژەی مردنە بەم نەخۆشیە ".

لە کۆتایی وتەکانیدا وه‌زیری ته‌ندروستی  هه‌رێم جەختیکردووەتەوە، دواکەوتنی چوون بۆ نەخۆشخانە تا رادەی خراپبوونی باری تەندروستی نەخۆشانی کۆرۆنا، ئەگەری ترسناکی و گیان لەدەستدانی نەخۆس زیاد دەکات لەکاتی ئێستادا زۆربەی کۆمەڵگا بە بەرکەوتوو یان گومانلێکراو دادەنرێت.

ئەو لێدوانانەی وەزیری تەندروستی هەرێم دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان تووشبوون بە کۆرۆنا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردوو 886 کەس تووشی پەتاکە بوون و ٢١ کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.



ڕیکلام