لاهور شێخ جەنگی: لەگەڵ پارتی لەهەوڵداین رێککەوتنی پێکهێنانى حکومەت وەک خۆى جێبەجێ بکرێت

  2020-10-07  | 
هەولێر
کۆبوونەوەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و دەیڤد کۆپلی جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ پارتی لە هەوڵدان رێککەوتنى پێکهێنانى حکومەت وەک خۆى جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی یەکێتی ناچار نەبێت بیر لە وەبکاتەوە کە هەڵوێست وەربگرێت.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی١٠ی٢٠٢٠، لە شاری هەولێر پێشوازیانکردووە له‌ دەیڤد کۆپلی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دیدارەکەدا جەختیانکردووەتەوە لەسەر رۆڵی لایەنە عێراقیەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو هێرش و پەلاماردانانەی کە بونەتە مایەی هه‌ڕه‌شه‌ بۆسەر هێزه‌كانی ئەمریکا وهاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و بەردەوامی ئەرکی ئەو هێزانەیان بە گرنگ و پێویست زانیوە لە عێراق و هەرێم .

ئەوەشی خستەڕوو کە لەگەڵ دەیڤد کۆپلی هاوڕابوون لەسەر رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌كانی داهاتووی عێراق ، پشتیوانی خۆیشیان بۆ حکومەتی عێراق و لابردنی بەربەستەکان بۆسەقامگیریی سیاسی و ئابوری لە وڵاتدا دووپاتکردووەتەوە .

لاهور شیخ جەنگی ڕاشیگەیاند، هەر لە کۆبوونەوەکەدا، "جەختمانکردەوە لەسەر بەردەوامی کۆبوونەوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا- کە هەنگاوی باشنراوە بەرەو ریککەوتن، بە پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢١ ئایندەیەکی باش بۆ پەیوندییەکانی هەردوولا دەرەخسێنێت".

لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتیدا، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند، وەک یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان کە بەشداربوون لە حکومەتی هەرێم، زیاد لە پێویست بەرپرسیارییەتیان لەئەستۆ گرتووە، بەشداریکردنیشیان لە کابینەی نۆیەم بەپێی رێککەوتنێکی ئیمزاکراوبووە کە چەند خاڵێکی گرنگی لەخۆگرتووە، لەوانە مەسەلەی چاکسازیی و لامەرکەزیی دارایی و کارگێڕیی کە بەداخەوە تا ئیستا جێبەجێنەکراون، ئەوان لەهەوڵدان کە ئەو خاڵانە وەک خۆی جێبەجێبکرێت بۆ ئەوەی یەکێتیی ناچار نەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە هەڵوێست وەربگرێت لەبەرامبەر جێبەجێنەکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکە.



ڕیکلام