لەڕووداوێکی هاتووچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا و حەوتی دیکەش برینداربوون

  2020-10-07  | 
هەولێر
لەڕووداوێکی هاتووچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا و حەوتی دیکەش برینداربوون
فۆتۆ: هاتووچۆی هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند، لەسەر ڕێگای جەژنیکان زرارەتی رووداوێکی هاتووچۆ روویداوە و بەوهۆیەشەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و حەوتی دیکەش برینداربوون.

فازل حاجی وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند، کاتژمێر 6ی سەر لەئێوارەی ئەمرۆ چوارشەممە ٧ی١٠ی٢٠٢٠، لەسەر رێگای جەژنیکان زرارەتی کەرێگایەکی تاکسایدی دوو ئاڕاستەیە، پێکدادانێک لەنێوان سێ ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی بی ئێم ی تایبەت و پیکابێکی دەبڵ و تەکسییەک روویداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی رووداوەکە کەسێک گیانی لەدەستداوە وحەوت کەسی تریش برینداربوون، لەگەڵ زیانێکی زۆری ماددی کەبەر ئۆتۆمبێلەکان کەوتووە.

ئاشکراشیکرد، هۆکاری ڕووداوەکە بۆ هەوڵێکی تێپەراندنی هەڵە دەگەڕێتەوە کە لەلایەن شۆفێری بی ئێم ی تایبەت ئەنجامدرابوو.

ڕوونیشیکردەوە، ئەو هەوڵە هەڵەیەش وایکردبوو کە شۆفێری بی ئێمەکە بەتەواوی نەتوانێت بگەرێتەوە سایدی خۆی، بۆیە خۆی کێشابوو بە تەکسییەکەدا کە لەبەرامبەری دەهات و وەریگێڕابوو و پاشان خۆی کێشاوە بە پیکابە دەبڵەکەدا کە لەسایدەکەی خۆی بوو.

وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ڕاشیگەیاند، رێنمایی شۆفێران دەکەین کەوا بەر لە ئەنجامدانی مانۆڕی تێپەڕاندن، بەتایبەتی لەشەقامە تاکسایدە دوو ئاڕاستەکان، بۆ هەمیشە سەیری سایدی بەرامبەر بکەن و ئەگەر ئۆتۆمبێلی هاتوو هەبوو و نزیک بوو، مانۆڕەکە ئەنجام نەدەن.



ڕیکلام