چۆن ئۆتۆمبێله‌كه‌ت بۆ وه‌رزی زستان ئاماده‌ ده‌كه‌یت؟

  2020-10-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ڕادیۆی هاتوچۆی سلێمانی ژمارەیەک رێنمایی بۆ ئامادەکردنی ئۆتۆمبیل بۆ وەرزی زستان بڵاوکردۆتەوە و تێدا ژمارەیەک رێنمایی بۆ شۆفێران خستۆتە ڕوو بۆ ئامادەکردنی ئۆتۆمبیلەکانیان.

گۆڕانی كتوپڕی كەشوھەوا یەكێكە لە خەسڵەتە دیارەكانی وەرزی زستان، پسپۆڕانی بواری ئۆتۆمبێل چەند ڕێنماییەكیان ڕاگەیاندووە بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ وەرزی زستان لە پێناو بەرزكردنەوەی ئاستی سەلامەتی شۆفێران .

ئەوە ئاشكرایە زۆربەی ئۆتۆمبێلە نوێیەكان پێویستیان بە كاری چاكسازیی زۆر نابێت بۆ ئەو وەرزە، ئۆتۆمبێلە كۆنەكانیش دەبێت كەموكورتیی و كێشەكانیان چارەسەر بكرێت، ئەمەش چەند ڕێنماییەكە بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ وەرزی زستان :

1-ئەو ڕاپۆرتانەی ساڵانە ئامادە دەكرێن ئاماژە بەوە دەكەن كە زۆربەی لەكاركەوتنی ئۆتۆمبێلەكان لە وەرزی زستاندا دەگەڕێتەوە بۆ كێشەی پاتری، بەهۆی ئەوەی بەردەوام لایتەكان كاردەكەن یان كارپێكردنی سیستمی گەرمكردنەوە كە ئەمانە دەبنە هۆی خراپكردنی پاتری ئۆتۆمبێل بەشێوەیەكی خێرا، بەتایبەتی گەرمكەری جامی دواوەی ئۆتۆمبێل كە بڕێكی زۆری ووزە لە پاترییەكە بەكاردەهێنێت، هەربۆیە پیویستە دوای ڕوونبوونەوەی جامەكە ڕاستەوخۆ ئەم كردارە بوەستێنیت .

2-پێویستە بەردەوام ئاگاداری ئەوەبیت كە دەبەی ئاوی فڵچەكان بڕی ئاوی پێویستی تێدابێت بۆ پاككردنەوەی جامی پێشەوە، هەروەها (Anti Freeze) ئەنتی فرێز بەكاربهێنیت بۆئەوەی بەرگەی پلە گەرما زۆر نزمەكان بگرێت و ئاوی ڕادێتەری ئۆتۆمبێلەكەت نەیبەستێت .

3-هەروەها پێویستە دڵنیابیت لە باشیی تایەكان، لەبەر ئەوەی لەم وەرزەدا ماوەیەكی زۆرترت پێویست دەبێت بۆ وەستان و تایەكان ڕۆڵێكی باشیان دەبێت بۆ وەستانی ئۆتۆمبێلەكەت لەكاتی ئیستۆپ گرتندا .

4-پاكو خاوێنی ئۆتۆمبێلەكەت ڕابگرە بەتایبەت لە وەرزی زستاندا، لەبەرئەوەی قوڕو خوێیەكان ژەنگ زیاتر دروستدەكەن، بەتایبەتی لەلای تایەكان .

5-پێویستە گرنگییەكی زۆر بدەیت بە سیستمی ڕووناككەرەوەی ئۆتۆمبێلەكەت و دڵنیابیت لەوەی كە سەرجەم لایتەكانت كاردەكەن، گرنگییەكەی لە شەواندا دەردەكەوێت كە ڕادەی بینین كەم دەبێتەوە، بۆیە دڵنیاكردنەوە لە سیستمی ڕووناككەرەوە بەیەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئامادەكاری ئۆتۆمبێلەكەت لە زستاندا دادەنرێت .

6-پێویستە لەسەر شۆفێر ئاگاداربێت لە فلتەر و ڕۆنی مەكینە و هەوای تایەكان و ڕۆنی ئیستۆپ، دەبێت پشكنینیان بۆ بكات، فڵچەی جامی پێشەوە بەباشی كاربكات، هەروەها دڵنیاكردنەوە لە داخستنی جامەكان بەباشی لەكاتی بەجێهێشتنی ئۆتۆمبێلەكەتدا .

7-لە گرنگترین ئەو خاڵانەی كە پێویستە ئاگاداری بیت لەكاتی وەرزی زستان و بارانباریندا، لێخوڕینە بەشێوەیەكی مامناوەند و ڕەچاوكردنی دووری دڵنیایی لەنێوان ئۆتۆمبێلەكان، لەبەرئەوەی بۆ وەستانی ئۆتۆمبێلەكەت لەسەر زەوی تەڕ یان بەستوو پێویستت بە دووری زیاتر دەبێت .

8-ڕێنماییەكی تری گرنگ ئەوەیە كە لە وەرزی زستاندا ئاگاداری تانكی بەنزینەكەت بیت كە بڕی پێویستی لە بەنزین تێدابێت، چونكە ئەگەری دروستبوونی ڕووداوی هاتوچۆ زیاد دەبێت لە زستاندا، بە تایبەت لە كاتی بەستنی شەقامەكاندا، ئەمەش جەنجاڵی دروستدەكات و بڕێكی زۆرتری بەنزین بەكاردەبەیت .


ڕیکلام