بەتۆمەتی دزینی ماتۆڕسکیل و ماددەی هۆشبەر و ساختەکردنی پارە 10 کەس دەستگیرکران

  2020-10-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
یاریدەدەرێتی ئاسایشی قەڵادزێ ڕایگەیاند بەتۆمەتی دزینی ماتۆڕسکیل و ساختەکردنی پارە و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر 10 کەسیان دەستگیرکردوە.

یاریدەدەرێتی ئاسایشی قەڵادزێ ئاشکرایکردوە دووکەس دەستگیرکراون کە بڕی دوو کیلۆ ماددەی هۆشبەریان پێ بووە و دواتر دوو کەسی دیکەشیان دەستگیرکردوە کە بڕی کیلۆیەک و دووسەد گرام مادەی کریستاڵیان پێ بووە.

ڕاشیگەیاند ئەو کەسانە بەپێی مادەی 14 ی مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون و رادەستی دادگا دەکرێن.

هەروەها ئاشکرایکرد باندێکی دزینی ماتۆڕ سکیل لە قەڵادزێ دەستگیرکراون کە لە سێ کەس پێکهاتوون، ئەو کەسانەش بە مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون و دادگای دەکرێن.

ئاماژەی بەوەشکردوە سێ کەسی دیکە بە تۆمەتی ساختەکردنی بڕی 50 هەزار دۆلاری ئەمریکی و هەندێک پارەی عێراقی دەستگیرکراون و بەپێی مادەی 281 لە یاسای سزادان راگیراون و کەسەکانیش دانیشتوی دەرەوەی قەڵادزێن.

ئاسایشی قەڵادزێ داواشیکرد مامۆستایانی ئاینی هۆشداری بدەنە هاوڵاتیان لە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر بۆ ئەوەی بتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن.

راشیگەیاند بەکارهێنانی مادەکە کەمیکردوە بەڵام بازرگانیکردن بە مادەکەوە زیادی کردوە چونکە ئەو کەسانەی بازرگانی پێوە دەکەن سنوری پشدەر بۆ گواستنەوەی مادەکە بۆ بادینان و دواتر بۆ تورکیا و ئەوروپا بەکاردەهێنن.


ڕیکلام