سەرۆکی پەرلەمان: بەهۆی ئەو هێرشەی کرایە سەرم لەسەر موچە قسە ناکەم

  2020-10-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رەتیدەکاتەوە لەسەر موچە قسە بکات ئەوەش بەوتەی خۆی لەسەر ئەوەی جاری ڕابردوو ئەو باسی راستیەکی کردوە کە موچە دەبڕدرێت بەڵام هێرشی زۆر کراوەتە سەری.

رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ ڕایگەیاندوە، دوای ئەو هێرشە زۆرەی لەسەر قسەیەکی راستی هەقیقی بنیاتنرابوو و لەسەر زانیاری کردم ئەو هەموو هێرشەم کرایە سەر، بۆخۆم بەڵێنم بەخۆمداوە جارێکی دیکە لەو بارەیەوە قسە ناکەم.

سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکردوە، پێشتر راستییەکم باس کرد زۆر زیانم پێگەیشت، ئەوکات باوەڕێکم بۆ دروست بوو کە خەڵک حەزی لە چەواشەکارییەکی کورت خایەنە کە بۆ ماوەیەکی کەم دڵی خۆش بکات و پێی خۆشترە، راستییەکی ناوێت کە لە ئایندە دڵی ناخۆش بکات یان رەنگە ئومێدبەخشینێکی کورت خایەن کە بۆ ماوەیەکی کەم دڵی مرۆڤەکان خۆش بکات باشتربێت لە راستییەک کە لە ئایندەیەکی دوورتردا تووشی نیگەرانیان بکات، دڵم ژان دەکات کە دۆخی خەڵک بەو جۆرەیە، بەڵام با حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی لەسەر مووچە قسە بکات.

سەرۆکی پەرلەمان لەسەر دانیشتنەکەی پەرلەمان بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت ئاشکرایکردوە حکوومەت وەڵامی زۆرینەی ئەو پرسیارانەی دایەوە، و لە هەندێک وەڵامیش دیپلۆماسیانە خۆیانیان لێ دەربازکرد و وەڵامیان نەدایەوە، بەڵام بە شێوەیەکی رێژەیی زۆرینەی وەڵامەکان درانەوە، ئینجا بەدڵی پەرلەمانتاران بوون یان نا ئەوە بابەتێکی دیکەیە و دەبێت خۆیان قسەی لەبارەوە بکەن ".

سەبارەت بە یاداشتی پرساندنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی کە ژمارەیەک پەرلەمانتار ئامادەیان کردوە سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت" ئێمە یاداشتەکەمان لە رۆژی چوارشەممەی پێشووەوە واژووکردووە و گەیشتووەتە ئەنجوومەنی وەزیران، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەبێت لە ماوەی ١٤ رۆژدا ئەوان وەڵاممان بدەنەوە کە ئایا لەسەر ئەو یاداشتە و ناوەڕۆکی ئەو یاداشتە رایان چییە، ئایا خۆیان دێن ئایا نایەن؟ ئایا وەڵامێکیان هەیە بۆ ئەو پرساندنە یان نا؟ ئێمە چاوەڕێی ئەوان دەکەین.

لەسەر بابەتی قاچاخچێتی لە دەروازە سنورییەکانیش رێواز فایەق ئاماژەی بەوەکردوە "حکومەت هەندێک هەنگاوی ناوە و هەندێک شت کراوە بەڵام لە راستیدا جێی ئومێدێکی زۆر نییە بۆ چارەسەری کێشەکە، هەمووتان گوێتان لێبوو بەڕێزان سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت ئەوانیش داد و بێدادیانە بەدەست ئەوەی تەنانەت لە دەرەوەی ئیرادە و خواستی ئەوانیش هەندێک کار هەر دەکرێت، بەڵام هەموومان دەبێت یەکدەنگبین لەسەر ئەوەی کە دەروازە سنوورییەکان لە هەر شوێنێکن سەرچاوەی دووەمی داهاتن لە هەرێمی کوردستان و دەبێت هەموومان دەست لەناو دەستی یەکتربکەین بەدەر لە بەرژەوەندییە سیاسییەکان و بەرژەوەندییە حزبییەکان، ئێمە کە بەشێکین لە دامەزراوەی دەوڵەت دەبێت رۆڵمان هەبێت لە گێڕانەوەی داهاتی خەڵک بۆ خەڵک ".

سەبارەت بە دروستبوونی شەڕی ناوخۆش لەسەر دەروازەکان سەرۆکی پەرلەمان رەتیدەکاتەوە و دەڵێت "نەخێر، دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ لەسەر دەروازە سنوورییەکان دروست نابێت، چونکە قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و سەقامگیریی و یەکگرتووی هەرێم لە هەموو بەرژەوەندییەکان باڵاترە ".

سەبارەت بە نەناردنی پرۆژە یاسای بودجەش بۆ پەرلەمان سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت وەڵامەکانی حکومەت بۆ من وەک پەرلەمانتارێک قەناعەتپێکەرنەبوو.

رێواز فایەق لە وەڵامی پرسیاری نەبردنە ژورەی ئاو بۆ پەرلەمانتاران لە دانیشتنی میوانداری حکومەت، دەڵێت "خۆی ئاو نەهاتبووە ژوورەوە، بەندە درەنگ زانیم کە ئاو نەهاتووەتە هۆڵەکەوە، خۆزگە ئاو بهاتایە و یەکەمین دەبەش لەمن بگیرایە وەک سەرۆکی پەرلەمان و ئەمە نەبووایە بە بابەت، چونکە دانیشتنەکە دانیشتنێکی ئەوەندە گرنگ بوو حەزم نەکرد بە شتی لاوەکییەوە رەخنەی لێبگیرێت، ئەوانە شتی زۆر لاوەکین تیایدا بکرێتە بابەت، بەڵام دواتر زانیم نەهاتنە ژوورەوەی ئاو لەبەر ئەوە نییە بە تەنها لە ئێمە نەگیرێت لەبەر ئەوەیە بۆچوونێک هەبوو کە رەنگە بەریەک کەوتنێک لەنێوان فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن و فراکسیۆنەکانی دەسەڵات دروست بێت و شەڕە دەبە لەنێوانی خۆیاندا بکەن، ئاوایان بۆ روونکردمەوە.


ڕیکلام